سیناریۆکانی دووای دووەم پەیوەندی ترامپ وئەردۆگان

داهۆ سالم

هەروەک بۆ جاری دووەم، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ڕەجەب تەییب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا دۆخی ناجێگیری سوریای هەژاندەوە. درەنگانێکی شەوی6-7 /10/ 2019، ترەمپ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکای لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات لە سوریا ڕاگەیاند. پێشتر و لە مانگی دیسامبری ساڵی ڕابوردوو، بەهەمان شێوە لەدوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ئەو دوو سەرۆکە، ترەمپ بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکای لە سوریا بڵاوکردەوە، بڕیارەکە بەجۆرێک بوو نەک تەنها گەلی کورد بەڵکو تەواوی جیهانی توشی شۆک کرد، لەنێویاندا کاربەدەستانی باڵای ئەمەریکا و خودی ئەندامانی باڵای کۆشکی سپی. لە یەکەمین بڕیاردا، کوتوپڕی هەواڵەکە بە ئەندازەیەک بوو، جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری و برێت ماکگۆرگ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ جەنگی دژی داعش دەستیان لەکارکێشایەوە و شەپۆلێکی توندی لەناو ئەندامانی کۆنگرێس و ناوەندەکانی تری ئەمەریکای بەدوای خۆیدا هێنا، تاکو دواجار بەهێواشی و بەبێ ڕاگەیاندن سەرۆک لە بڕیارەکەی پاشگەزبوویەوە.

یەکێک لە جیاوازییە هەرە بنچینەییەکانی ئەو دوو بریارەی ترەمپ لەوەدایە، بەپێچەوانەی نەریتە دبلۆماسییەکانەوە، بەرئەنجامی پەیوەندی تەلەفۆنییە، کە دەبوو بڕیارێکی وەها چارەنوسساز دوای کۆڕوکۆبوونەوەی گەرموگوڕی پرۆتۆکۆڵی و دامەزراوەیی بوایە، هەر ئەمەشە وایکرد لە جاری یەکەمدا پاشگەزببێتەوە و ئەمجارەشییان تا ئێستا ڕوون نیە ئەنجام بە کوێ دەگا چونکە هەر دووای بریارەکە لە چەند تویتێکدا ناجێگیری و هەڵچوون و داچوون بە هەڵوێستەکانی ترەمپەوە بەدیدەکرێت، ئەمە و وێڕای دووبارە بڵندبوونەوەی دەنگی بەرهەڵستکاری لەنێو کاربەدەستان و ئەندامانی باڵای کۆنگرێس و بەتایبەت کۆمارییەکان.

ئەوەی شیانی هەڵوەستە لەسەرکردنە، ئەم دۆسیەیە تەنها پەیوەست نیە بە ئەمەریکا و تورکیا و هەسەدە. وەک ئاشکرایە خاوەن ماڵ کە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدە و لەلایەن ڕووسیا و ئێرانەوە پاڵپشتی لێدەکرێت لەتەواوی سنوورەکان هەر لە شارۆچکەی "مەنبج "ەوە بەدرێژای چۆمی فورات تاکو سنوری عێراق سەدان کیلۆمەتر تەنها ڕووباری فورات لێکیان جیادەکاتەوە. کە ڕووبەرێکی فراوانی ناوچەی عەرەبنشینن و بەشی هەرە زۆری سامانی سروشتی سوریا لە خۆدەگرێت بەتایبەت نەوت. وەتا ئێستاش لە قامیشلۆکە دەکەوێتە ناوچەی ئەمنی دیزایینکراو لەلایەن تورکیاوە و لە حەسەکەش فڕۆکەخانە و چوارگۆشەی تەناهی لە بندەستی هێزەکانی ئەسەد دایە. بۆیە تا ئێستا ڕوون نیە کە لە حاڵی ئۆپراسیۆنی سوپای تورک بۆ ئەو ڕووبەرەی کە بە ناوچەی ئارام ناودەبرێت بەدڕێژای نزیکەی ٥٠٠ کیلۆمەتر و بە قوڵای 32 کیلۆمەتر لەوپەڕەوە لە" کۆبانێ" تاکو شارۆچکەی "دێرک" لە نزیک سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کە تەواوی ناوچە کوردییەکانی سوریای تێدەکەوێت، ئەوا چارەنووسی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات بەتایبەت ڕەقە و دێرەزووی عەرەبنشین چی بەسەردێ کە لە ژێر کونتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دێمۆکراتدایە کە یەپەگە سەرکردایەتی دەکات.

لەم نێوانەدا ئەبێ تورکیا لەگەڵ ڕژێمی سوریا، ئێران و ڕووسیاش ڕێکەوتن بکات، ئەگینا بەلانی کەمەوە هەسەدە دەتوانێ هێندە بەرگری بکات تاکو هێزەکانی ئەسەد دەگەنەوە ناوچەکە، کە بەلانی کەمەوە لە سوپای تورک و گروپە ئیسلامییەکانی سوپای ئازاد و ئۆپۆزیسیۆنی سوریا باشترە کە بەپلانی تورکیا و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، مەرامی وەدەرنانی کورد و گۆڕینی دێمۆگرافیای ناوچەکەیان هەیە. ئەمەش کاتێک بۆ هەسەدە دەکرێت کە ئەمەریکا ڕێگر نەبێت چونکە ووردەکاری و چۆنێتی کشانەوەی ئەمەریکییەکان ڕوون نیە، کە لە چەند بنکەیەکی سەربازیدا لە بەرەکانی نزیک بە هێڵەکانی ئەسەد لە مەنبج، عەین عیسا، ڕەقە، دێرەزوور، شەدادی و هۆل بوونیان هەیە کە دەتوانن ڕێگە لە هاتنەناوەوەی هێزەکانی دیمەشق و هاوپەیمانە ئێرانییەکانییان بگرن بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات. یان دەبێ پێشتر تورکیا لەسەر ئەو میراتییەی ئەمەریکا بەجێی دێڵی بە نێوەندگیری ڕووسیا لەگەڵ حکومەتی سوریا ڕێکبکەوێت، کە ئەشێ ناوچەی ئیدلیب لە ڕۆژئاوای سوریا، کە دوایین پێگەی ئۆپۆزیسیۆنی سوریایە و بەپێی ڕێکەوتنێک هێزی تورکیای لێ جێگیرکراوە ڕادەستی حکومەتی دیمەشق بکرێتەوە لە بەرامبەر ڕوخسەتی هاتنەناوەوەی سوپای تورک بۆ ناچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، کە پێشتریش تورکەکان دووجار وەها ڕێکەوتنێکیان بەنێوەندگیری ڕووسیا لەگەڵ سوریادا کردووە لە ئۆپراسیۆنی قەڵغانی فورات بۆ داگیرکردنی شارۆچکەکانی باب، جەرابلس و عزاز، لە بەرامبەر ڕادەستکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی حەلەب و لە ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون بۆ داگیرکردنی ئەفرین، لەبەرامبەرغەوتەی شەرقی دیمەشق، ڕادەستی سوپای سوریا کردەوە کە لە بندەستی ئۆپۆزیسیۆنی سوریادا بوون.

دواجار ئەوەی دەمێنێتەوە سیناریۆکان بەمجۆرە دەبن، هەموو ئەو ئاڵا ڕەنگاو ڕەنگانەی ئەمەریکا و ڕوسیا و ئێران و تورکیا وهەسەدە و سوپای ئازاد کە لەسەرزەمینی سوریادا دەشەکێنەوە، پەیوەستە بەکاریگەری پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی ئەردۆگان بەسەر ترەمپەوە.

یەکێک لە ئەگەرەکراوەکان تا ئێستا، جارێکیتر پاشگەزبوونەوەی سەرۆکی ئەمەریکایە، ئەوەی وادەکات ئەم ئەگەرە لەبەرچاوبگیرێت ئەوەیە کە بەسروشت کەسایەتی سەرۆک بەوەناسراوە بڕیاری بەپەلە و لەناکاو و دژبەیەک دەردەکات و پێشتریش لەهەمبەر هەمان دۆسیە ڕفتارێکی وەهای نواندووە. یان ئەگەر کشانەوەکەی ئەمەریکا سنوورداربێت و تەنها چەند ناوچەیەک لە "گرێسپی" لەنێوان "کۆبانێ " و "سەرێکانی"دا بگرێتەوە کە بە سروشتی حاڵ تا ئەندازەیەک ناوچەی عەرەبین، ئەوا رەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵدا دەبێت وشەپولی ئاوارەیی و پێکهەڵپژانی ئەوتۆی لایەنە ڕکابەرەکانی لێناکەوێتەوە. یان بەجۆرێکی تر، ئەمەریکییەکان ڕێگە بە ئۆپراسیۆنی سنوورداری تورکیا بدەن، بەتایبەت ڕێگە لە هەستانی فڕۆکە بگرن، لە کاتێکدا لەدوای بڕیارەکەش ئەمەریکییەکان کاروانی چەکیان ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە، بۆیە ئەشێ جۆری ئەو چەکانە و سنووردارکردنی هێزی لە ڕادەبەدەری تورکیا، لە بەرژەوەندی هاوسەنگی هێزبێت لە سودی کورد و جەنگی درێژخایەنی لێبکەوێتەوە. وە لە خراپترین دۆخدا، ئەوەیە ئەمەریکا بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ دەرئەنجامێک ناوچەکە بەڕەهایی بۆ کاراکتەرەکانیتر لە شێوەی ئێران، سوریا و ڕووسیا لەلایەک و تورکیا و ئۆپوزیسیۆنی سوریا لەلایەکیتر جێبهێڵێت، لە مەشیاندا ئەوەی گورزی کەمەرشکێنی بەردەکەوێت و تا ئاستی هیچ زەرەرمەندەبێت، کورد و کەیسەکەیەتی لە سوریا کە لەوانەیە بگاتە ئاستی دۆڕانی میژوویی جوگرافیا.

PM:11:56:08/10/2019