ئه‌ردۆغان و یادكردنه‌وه‌ی‌ 100 ساڵه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ توركیا

خەڵەف غەفور

«توركیای‌ 2023» ناونیشانی‌ پرۆژه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان «ئه‌كه‌په‌» بوو، كاتێك ساڵی‌ 2002 و پاش چه‌ند مانگێك له‌ دامه‌زراندنی وه‌كو ستراتیژی ئه‌كه‌په‌ خرایه‌ڕوو. به‌پێی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌، تا یادكردنه‌وه‌ی‌ 100 ساڵه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌، ئه‌كه‌په‌ ده‌یه‌وێت و كاریشی بۆ ده‌كات كه‌وا توركیایه‌كی‌ نوێ دروست بكرێت سه‌ره‌ڕای‌ بوونی‌ ده‌یان ئاسته‌نگی گه‌وره‌، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌كه‌په‌ و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان زۆرینه‌یان تێپه‌ڕاند و له‌دوا ساڵه‌كانی‌ نزیكبوونه‌وه‌ له‌و یادكردنه‌وه‌یه‌دا وا ده‌بینین دووچاری‌ لێكترازان و ئه‌ردۆغانیش ئیتر هه‌ست به‌بێهێزی ده‌كات و ناشیه‌وێ دانی‌ پێدا بنێت.

توركیای‌ 2023 ناونیشانێكی‌ رۆژنامه‌نووسی نییه‌، به‌ڵكو پرۆژه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ ئه‌كه‌په‌ی به‌ ره‌نگ‌و بۆی ئه‌ردۆغانی‌ بوو، به‌هۆی زۆر هه‌ڵه‌وه‌ له‌نیوه‌ی‌ رێگه‌دا زۆرێك له‌ هاوڕێكانی‌ جێیانهێشت و ورده‌ ورده‌ش به‌ئاشكرا تۆمه‌تباری‌ ده‌كه‌ن، خۆ ئه‌وه‌ش حه‌قه‌ و له‌مه‌یاندا ئه‌ردۆغان هه‌ر ده‌یه‌وێت سووربێت له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ئامانجه‌كه‌ی‌، به‌ڵام به‌ربه‌سته‌كان زۆرتربوون.
توركیا له‌ سه‌رده‌می‌ ئه‌ردۆغاندا له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ باش چووه‌ پێشه‌وه‌، له‌ ریزبه‌ندی 20 وڵاته‌ پیشه‌سازییه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ جیهان ژماره‌ی‌ 17 یه‌و پێشتریش ژماره‌ 16 بوو، له‌پرۆژه‌ی‌ «توركیای 2023» وه‌رگرتنی‌ ژماره‌ 10 یه‌ له‌ ریزبه‌ندییه‌كه‌دا، به‌ڵام كێشه‌ سیاسییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ سوریا، ئیسرائیل، ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكاش وایكردووه‌ ئه‌و خه‌ونه‌ نه‌یه‌ته‌دی، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ش ئابووری توركیا به‌ڕێژه‌یه‌ك پاشه‌كشه‌ی‌ كردووه‌ كه‌وا نرخی لیره‌ی‌ توركیا له‌ داكشاندا ژماره‌یه‌كی‌ پێوانه‌یی تۆماركردووه‌.
خه‌ونه‌ ئابوورییه‌كه‌ی‌ ئه‌ردۆغان كه‌ به‌شێكی‌ زۆریانی‌ كردوونه‌ته‌ پرۆژه‌، بۆ ئاستی‌ ئه‌وروپایش خرابووه‌ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ش ویستی‌ وه‌رگرتنی‌ ژماره‌ی‌ 3ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ئابووری وڵاتانی‌ ئه‌وروپا هه‌بوو، له‌مه‌شیاندا گرێ‌و گۆڵ هه‌یه‌و خه‌ریكه‌ مایه‌پووچ لێی‌ دێته‌ده‌ر.

بۆ بواری‌ سیاسیش ته‌رازووی هێزی ئه‌ردۆغان لاسه‌نگ بووه‌، ئه‌و خه‌ونی‌ بوو بۆ 2023 له‌ ئیستانبوڵ‌و ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی‌ حزبه‌كه‌یدا ئه‌و یاده‌ بكه‌نه‌وه‌، پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌مه‌شمان بینی‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانییه‌كانی‌ مارسی 2019 هه‌ردووكیانی‌ له‌ده‌ستدا.

له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ یه‌كڕیزیی وتارو سیاسه‌تی‌ حزبه‌كه‌شیدا ئه‌ردۆغان تا ئه‌م دواییانه‌ قسه‌ی‌ یه‌كه‌م‌و كۆتایی ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا كه‌سه‌ دیاره‌كانی‌ نزیكی‌و هه‌ندێك له‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كانیشی لێی دووركه‌وتوونه‌ته‌وه‌، له‌ وێنه‌ی‌ «عه‌بدوڵڵا گویل، ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو، به‌شیر ئاتالای‌، عه‌لی باباجان‌و چه‌ندینی‌ دیكه‌ش». وازهێنانه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك له‌ڕووی‌ شكڵییه‌وه‌ ئاساییه‌، به‌ڵام هێزی‌ ئه‌ردۆغان لاسه‌نگ ده‌كات‌و توانای‌ سیاسه‌تكردنیشی‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌.
له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ فراوانكردنی‌ مه‌وداكانی‌ ئازادیی كاری‌ سیاسی‌‌و رۆژنامه‌وانی‌‌و پێدانه‌وه‌ی‌ مافی‌ كوردیشدا پرۆژه‌كه‌ی‌ ئه‌ردۆغان بایی ئه‌وه‌ی‌ تێدابوو دڵی پێ خۆشبكرێ، به‌ڵام پاشه‌كشه‌ی‌ لێكردو سه‌رئه‌نجام نازانێ یان ناتوانێ وابه‌ئاسانی‌ به‌ره‌و رووی‌ كورد بێته‌وه‌.

دۆزی‌ كورد بۆ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌ردۆغان‌و گه‌شه‌كردنی‌ توركیا گرنگ بوو، له‌به‌ر دوو هۆكار:

یه‌كه‌م: به‌ چاره‌سه‌ركردنی‌، گه‌وره‌ترین كێشه‌ی‌ مێژووی 100 ساڵه‌ی‌ توركیا كۆتایی پێده‌هات كه‌ نه‌یكرد، ئێستا ده‌نگی‌ كورد سه‌نگی‌ ئه‌ردۆغانی‌ لاوازكردووه‌و ئه‌وه‌ش بۆ وی گرفتێكی‌ گه‌وره‌یه‌.

دووه‌م: ئه‌گه‌ر دۆزی كوردی چاره‌سه‌ر بكردبایه‌، هه‌روه‌كو پێشووتر هێزی كورد ئه‌ردۆغانی‌ زیاتر به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن ده‌برد، هه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ زه‌مانه‌تی‌ ده‌ستووریی مافی‌ كورددا.

ئه‌نجامه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ردۆغان شكستیخوارد، به‌ڵام ده‌رفه‌تی‌
هه‌ڵسانه‌وه‌شی هه‌یه‌ به‌نرخێكی‌ زۆرتر، هه‌رچی كورده‌ له‌و هاوكێشه‌یه‌دا هێشتا هێزی به‌ره‌نگاریی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌میكانیزمه‌كانی‌ خه‌باتكردنیدا بچێته‌وه‌و خۆی‌ بۆ ده‌رفه‌تێكی‌ نوێ سازبدات.

PM:04:00:03/09/2019