یاداشتەکانی حزبییە رۆمانسییەکە

ستران عەبدوڵڵا

(17)
لە ئۆرگانەکان هەڵمەتێکی گۆڕانکاری دیموگرافی دەستی پێکردووە کە خەتەرترە لە گۆرینە دیموگرافییەکانی تری لە کوردستان کران ، چونکە ئەمە بەدەستی خۆمان و هەناوی دامەزراوەکانی کوردایەتی هەڵدەوەشێنێتەوە . ئەمە هیچ پەیوەندی بە ئیستحاق و دیموکراسی و نوێکردنەوەوە نییە.  ئەگەر وایە هەرەم و سەرەوەی دەگرتەوە.
تەنها کۆنگرە شوێنی نوێبونەوە و پێدانەوەی ئیستحقاقی دوا خراوە ، نەک بڕیاری ئیداری فەوقی و
گەلەکۆمەکەی درەنگ وەخت.

(18)
کێشەکانی حزبایەتی لە کوردستان هەر سەنگەربەندی و تەکەتول نییە ، بەڵکو تەکەلوس و قاڵبگرتنیشە
 هەر چارەسەرێک بۆ کێشەکان ئەگەر وەفاداری قووڵی ئەم کێشانە نەبێ و وەڵامی پێویستی کوردستان بەگشتی و حزب بە تایبەتی نەداتەوە ، بەداخەوە دەیلێم سبەی قووڵتر سەرهەڵدەداتەوە. ئینجا لەو حاڵەتەدا چارەسەری دووبارە نرخێکی زیاتری لێمان دەوێت.
ئایا بەشی هەڵە و چەوتی تر و بەشی دانی نرخ و باجی گەورەترمان پێ ماوە؟

(19)
گفتوگۆ لەسەر کۆنگرە و نوێبوونەوەی حزب پێویستە چەند بنچینە  بگرێتە خۆی 
ڕاشکاو و جددی بێت ، تاپۆ و موجامەلە و خاتر و خوتوری تێدا نەبێت. بەڵام لەهەمان کاتدا 
نەرمونیان و هەڤاڵانە و رێزگرتن بێت لەیەکتری و لە هەڤاڵ و رەوتە جیاوازەکان تاوەکو بیرۆکە باشەکان باش بگا و کەس بیانووی سەلبی نەبێ بۆ رەتکردنەوە.
چەپکە گوڵەکەی بیروباوەڕی جیاواز زمانی نەرمی گوڵەکەی گەرەکە. بۆن و بەرامەی گوڵەکەی دەوێت تا بێ بەربەست بتەنێتەوە

(20)
دەتوانن کۆنگرە دوا بخەن، پەکی بخەن و وابکەن کە خۆیان دەیانەوێت، ئەی چۆن دەستیان دەڕوا ئەگەر  وا نەبێت و وا نەکەن ؟
بەڵام ئەی چی لەسەر متمانەی هەڤاڵێتی و ئەمانەتی حزبی شەهیدان دەڵێن؟
چی لەسەر ئیعتباری مەعنەوی تێکۆشان و قوربانی رابردووی خۆیان دەڵێن ئەگەر ڕەوایی کۆنگرە ئەبدەیتی نەکاتەوە؟ 
لەوێستگەیەکداین دەستپێشخەری نەبێت  کەشی سیاسی  باوەڕ بە خۆبوون ئالودە دەبێ و متمانە  دێتە پلەی سفر . رێک لێرەدایە کە گرێبەستی ئەخلاقی دەپسێ و دەپچڕێ لەو کاتەی پێمان وایە هەموو شتێک تەواوە.

(21)
ساڵی 2021 ە و ئێستا بیر لەوە دەکەمەوە دەبێ کۆنگرەی پێنجەم و دوای ئەوەش شەشەم کەی بکرێت و کێ لە هەڤاڵانی سەرکردایەتی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی چوار کە دوو ساڵ پێش ئێستا،  واتا لە ساڵی 2019 بەسترا ،  خۆیان هەڵدەبژێرنەوە؟
سەرکردایەتی نێوان کۆنگرەی چوار  و پێنج کۆمەڵێک ئەرکیان لەسەرشان بوو کە بە جوانی جێبەجێیان کرد و ئێستاش کۆنگرەی شەشەم بەگوێرەی بەرنامە و سیاسەتێکی تازە ئەرک و فەرمان بە سەرکردایەتی تازە دەستپێرێ
ئەم نووسیم نە هەڵەی چاپە و  نە زڕە خەونە ، بەڵکو بەرزە خەیاڵە کە ئەگەر هەر هەڤاڵێک ئەندێشەی وا گەشبیانەی نەبێت بەرگەی دژواری رۆژگاران ناگرێت

(22)
چەندەها  ئاراستە و گوتاریان هەیە کە ئاسمان و رێسمانیان فەرقە و پێچەوانەی یەکە ، کەچی گلەیی دەکەن بۆچی سەکۆ و مینبەرەکانی حزب ناتوانن تەعبیریان لێ بکات. لەبەر خودپەسەندی کیسەیان بۆ دەیان سێبەر و لاکۆڵان کردۆتەوە کەچی دەپرسن بۆچی دامەزراوەکانی حزب ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن کە بەدڵی ئەوان بئاخڤن. سەد کون و درزیان لەدامەزراوەکان کردووە و هێشتا دەڵێن خەڵک بۆیە نارازیین چونکە دەهۆڵ وزوڕنای خۆشیان بۆ ناژەنن.

(23)
پێگەی حزب و شوێنی لە کایەی سیاسیی نیشتمان و نەتەوەدا ، ناسینەوەی ئەرک و ستراتیژەکەی  لە هەردوو ئاستی کوردستانیی و عێراقیدا ئەولەویەتی پلە یەکی هەیە،  چونکە بیانووی بوونی حزب وەزیفەکەیەتی. کورتهێنان لەو وەزیفەیە یان دەرقەت و لیاقەت نەبوون بۆ لەمەودوای ئەو وەزیفەیە،  ئەنگێزەی سەرەکی گۆرانکارییە لە تیم و لە نەخشەی یاریکردنەکە.  ئەمەش تەنها بە پەیڕەو و پەریکەرەی تازەی حزبیی دەکرێت. پرۆگرامی نوێ لە پێش و پەیڕەو لەپلەی دووەمدایە. ئەمە جەوهەری حزبایەتییە. دەبێ ئەسپەکە لەپێش گالیسکەکە دابنێین

(24)
چەند سەر ئەهێنم و ئەبەم لەم دیاردە سەمەرانەی حزبایەتی وڵاتی خۆمان سەر دەرناکەم، قەینا حزبەکان لەگەڵ یەکدا وزە بۆ بەزاندنی یەکتری خەرج دەکەن و بەمەش دەڵێن دیموکراسیی. بەڵام تەنانەت ئەم ململانێیەش پەیوەستی سنووری نیشتمان کراوە و نابەزێنرێ.
ئەی چی بەچ خەرجی ناوخۆیی دەڵێیت کە هەڤاڵان کێبرکێیان بێت لەسەر  دەرکردن و ئیقسا کردنی باشترین هەڤاڵەکانی خۆیان؟ بە تەمای گۆڵی بردنەوەن لاقی کۆڵکەر دەشکێنن.. بەتەمای رەتکردنەوەی هێرشی بەرامبەرن و چاوی کۆڵچی کوێردەکەن.
تیم پاس نادەنە یەکتری بێگانە بڵێ چی؟

PM:07:58:17/09/2019