متمانە لەعادل مەسەننەوە!

د.بەختیارشاوەیس

سەکۆی دووەمی پایتەخت
(۲۰)
بەهیچ شێوەیەک ئەم وتارە سۆزی تایبەتی و بەرژەوەندی شەخسی ناینوسێتەوە و کەمترین پەیوەندیم لەگەڵ سەرۆک وەزیران نیە و نەبوە. بەڵام ئەوەی کەلەم ڕۆژانە دەگوزەرێ سەبارەت بەپرسی سەندنەوەی متمانە لەعادل عەبدولمەهدی شتێکی عەجیبەو مایەی تێڕامان و هەڵوێستە لەسەرکردنە. ئاخر هەندێک لەکوتلە سیاسیەکان وەک ئەوەی لەبیریان کردبێت کە ساڵێک بەرلەئەمڕۆ خۆیان ڕێک نەدەکەوتن و بەناچاری عادل یان تەکلیفکرد و بەبێ بونی پشت و پەناو بەبێ بونی تاقە کورسیەک لەپەرلەمان کورسیەکەی سەرۆکوەزیرانیان کرد بەدیاری بۆی، ئەگەر نا لەبەرچاوی کاڵی عەبدولمەهدی نەبوو، بەڵکو لەبەر بەرژەوەندی خۆیان و لەبەرئەوەی وڵات نەکەوێتەبۆشایی دەستوری و هەڵبژاردنی پێشوەختە نەکرێت ئەمیان هەڵبژارد و ئێستاش بەبێ هەبونی بەدیلی باشتر کەوتونەتە بەخشینەوەی تۆمەت و پەلاماردان گوایە لەماوەی ساڵێکداهیچی نەکردوە، وەک ئەوەی کە ئەم پیاوە عەسای سیحری پێبێت و لەماوەی ساڵێکدا هەموو خەوشیەکانی پانزە ساڵی ڕابردوو ڕێکبخاتەوە.

ئەوانەی کەداوای ئەوە دەکەن لەماوەی ساڵێکدا سەرۆک وەزیران ببێتە فریاد ڕەس، سێ توخمن و ئامانجی تایبەتی و جیاوازیان هەیە:
۱- بەشێکیان چاویان بڕیوەتە کورسیەکەی عادل ودەیانەوێت سێ ساڵی داهاتوو کێکەکە لەنێوان خۆیان و دەست و پێوەندەکانیان هەر لەناوخۆی وڵات تا دەرەوە لەت بکەن و زیاتر قەڵەو بن

۲-بەشێکی تریان ئەوانەن کە دەیانەوێت لەڕێگەی ئەم لێدوان و داواکاریانە بۆ سەندنەوەی متمانە لەعادل عەبدولمەهدی خۆیان لەگەندەڵی و کەموکورتی وئەو بەپرسیاریەتیانە پاک بکەنەوەکە لەساڵانی ڕابردوولەسەرشانیان بوە.

۳-بەشی سێیەم ئەوانەن کەخۆشیان نازانن بۆ ئەم داوایە دەکەن و دوای خەڵکەکە کەوتون و لەگەڵ شەپۆلەکە مەلە دەکەن و هیچ خوێندنەوەیەکیان بۆ دەرەنجامەکانی ئەم پڕۆسەیە نیەو نازانن چۆن تەنگژەیەکی سیاسی و بۆشاییەکی دەستووری و پشێوی ئەمنی دروست دەبێت.

لەپانزە ساڵی ڕابردوو زۆرینەی دەسەڵاتدارانی عیراق لەخزمەتنەکردنی هاوڵاتیان درێغیان نەکردوە، لەدزینی سەروەت و سامان و بەتاڵانبردنی سەدان ملیار دۆلاری نەوت درێغیان نەکردوە، لەدابەشکاری پۆستەکان و وەلائی سیاسی بۆ ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت و بەحیزبی کردنی حکومەت و بەشەخسەنەکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بڵاوکردنەوەی مەحسوبیەت و خزم خزمێنە درێغیان نەکردوە. لەدروستکردنی پڕۆژەی وەهمی درێغیان نەکردوە، لەدروستکردنی نەخۆشخانە و خوێندنگە و باخچەی ساوایان و پارک و شەقامی نوێی وەهمی یان پڕ لەگەندەڵی هەر درێغیان نەکردوە. بەڵام ئەوەی درێغیان تیاکردوە پێکهێنانی دەوڵەتێکە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبون و عەدالەت و چاکسازی. ئەوەی کە درێغیان کردوە پێکهێنانی دەوڵەتێکە کەتیایدا هاوڵاتی هەست بەسەروەری یاسا بکات و دەستور پێشێل نەکرێ
گەر دەتانەوێ عادل سەرکەوێ و لەسەر ئەرزی واقع گەندەڵی کەمبێتەوە دەبێت دەستان دەربێنن لە ناو بینەقاقەی سێکتەری نەوت و تەندروستی و گواستنەوەو ئاوەدانی و ئابووری و پەروەردە... هتدو پیاوەکانتان بنێرنەماڵەوە. گەر دەتانەوێ کەسێک بتوانێت لەساڵێکدا عیراق چاکبکات لێگەڕێن با یاسا سەروەربێت و نەزاهە نەزی بێت و دادگا دادگەرانە ئەرکەکانی جێبەجێبکات.

هەرلەم ڕوانگەوە مەسەلەی سەندنەوەی متمانە لەعادل عەبدولمەهدی پێویستە زیاتر لێکدانەوەی بۆ بکرێت و هەموو لێکەوتەکانی بخوێنرێتەوە، پێویستە هەموان لەوە تێبگەن کەئەو داواکاریە زۆر و زەوەندانەی کەهەیە بەتەنها کەسایەتیەک و لەو ماوەیەدا جێبەجێناکرێ، بەڵکو ئیرادەی هەموو لایەک و ئیدارەیەکی تۆکمەو بەهێزی دەوێت.

AM:10:06:13/09/2019