ئاوڕدانەوەیەك لە شوێنە گەشتیارییەكانی كوردستان

لەیلا عومەر

شوێنە گەشتیارییەكان، چی ئەوانەی بۆ بەسەربردنی كاتی خۆش رووی تێدەكرێ، یان شوێنەوارە مێژووییەكان، لەئێستای جیهاندا بەتایبەت كاتێك وڵاتان دەیانەوێت سەرچاوەیەكی دیكەی داهات بۆ خۆیان پەیدابكەن، گرنگی زیاتریان پەیداكردووە و حكومەتەكان لەڕێگای وەزارەت و دەستەكانەوە ستراتیژیی نیشتیمانی تایبەتیان بۆ گرنگیپێدان و زیاتر پێشخستنی هەیە تا ئەو رادەیەی وڵاتێكی وەكو توركیا یان لوبنان سەرچاوەی سەرەكی یان بەشێكی زۆری بودجەكەیان سەرچاوەكەی كەرتی گەشتیارییە. 

هەرێمی كوردستان شوێنی گەشتیاری خۆش و دڵڕفێنی تێدایە، هەروەكو بەنداو  و شوێنەواری مێژوویشی زۆر تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا شاخی بۆ شاخەوانی و دروستكردنی پارك و كردنەوەی رێستۆرانت و كافتریای نایاب هەیە كە دەتوانی سەرنجی زۆرێك لە گەشتیارانی عیراق و تەنانەت وڵاتانی دەوروبەریش بۆ لای خۆی رابكێشێ و داهاتی باش بۆ كوردستان كۆبكاتەوە.

لە پەراوێزی بوونی ئەوانەدا ئەوەی گرفتی بەردەم پێشنەكەوتنی كەرتی گەشتیارییە هەم نەبوونی سیاسەتێكی روون و دوورمەودا و وردە، هەمیش بوونی كێشەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و پیسكردنی ژینگە و بەدەمەوەنەچوونی گەشتیارانە.

ئەگەر ئەم كێشە وردتر بكەینەوە دەتوانین دوو خاڵ بەوردی باس بكەین:
یەكەمیان، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی 28 ساڵی رابردوودا بەرنامە و ستراتیژێكی نیشتیمانی نەبووە بەشێوەیەك داهاتی گەشتیار و ناوچە گەشتیارییەكان بایی ئەوەندە بێت كە خزمەتی زیاتری كەرتی گەشتیاری پێبكرێتەوە و رۆژ لەدوای رۆژ پەرەبسێنێت.
لە بەگەڕنەخستنی وەها بەرنامەیەكدا كە بەهۆیەوە كەرتی گەشتیاری و شوێنەوار و ناوچە گەشتیارییەكانمان كێشەیان زۆرە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسی یەكەمەوە و پێویستە چیتر ئەو كەرتە گرنگە پشتگوێ نەخات.

دووەمیان، پەیوەندی بەعەقڵیەت و بازاڕ دروستكردنەوە هەیە بۆ شوێنە گەشتیارییەكان كە ئەمە خەڵك و خاوەنی شوێنە گەشتیارییەكان لێیی بەرپرسن. رەنگە نموونەی زۆر هەبن هەر لە نەبوونی شوێنی پشوودانی باش و تەسكی جێگاكان و نەبوونی تەوالێتی پاكوخاوێن و پارك و زۆری خاشاك لە هەندێك شوێن كە وات لێدەكەن هەست بەنائارامی بكەیت و نەتوانی وەكو پێویست خۆشی لەو كاتانەت وەربگری كە لەو شوێنە گەشتیارانەی.

لەم بابەتەدا پێویست بەوە دەكات لەسەر ئاستی گشتی فشار و كۆدەنگییەك دروست بكرێت كە هەم حكومەت ناچار بكات گرنگی زیاتر بە كەرتی گەشتیاری بدات، لەلایەكی دیكەیشەوە خاوەنی شوێنە گەشتیارییەكان ناچار بكرێن خزمەتگوزاری تەواوەتی پێشكەش بە گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەیش بكەن و كارێك بكەن گەشتیار تیادا هەست بەئاسوودەیی بكات.

پەیوەست بەم بابەتە بەنموونە وەرگرتنی بەرنامە و شێوازی گرنگیدان بەكەرتی گەشتیاریی وڵاتانی دیكە گرنگە و پێویستە خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆیەوە هەوڵبدەن ئەو كەرتە گرنگە پێشبخەن. گرنگە ئەو كارەیش لەوەدایە هەم گەشتیار دڵنیایە لە گەشتێكی خۆش و ئارامبەخش لە كەشوهەوایەكی تەندروستدا، هەروەك داهاتێكی باشیش بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە و بەهۆیشییەوە هەلی كار بۆ خەڵكانێكی زۆر دابین دەكرێت و وردە وردە كوردستان ئاوەدانتر دەبێت.

AM:12:06:19/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 1108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌