تەحەدییە نزیکەکەی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی حکومەتی ھەرێم

رێکەوت زەکی

لەچارەکی کۆتایی ھەموو سالێکدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئامادەکاری و گفتوگۆکانی ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ ساڵی ئایندە دەستپێدەکات، بۆ ئەمساڵ  قەبارەی تەحەدییەکە گەورەتر روو لە دکتۆر بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عیراق و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمە، بەتایبەت کەھەردووک بۆ جەولەی ململانێکە نوێن و ئەمساڵیش تا ئەمکاتە ھەرێم بەھەر ھۆیەک بێت نەوتی رادەستی سۆمۆ نەکردووە، راستە جەولەی ململانێکان کۆنن بەلام یاریزانەکان نوێن، بە تایبەت کە لێروە لەوێ باس لە پاڵنەری ناوخۆیی دەکرێت بۆ ئیحراجکردنی ھەریەکەیان کەبۆ ئەمەیان رەنگە فشاری وڵاتێکی ئیقلیمی تارادەیەک ھاوکاربێت.

دکتۆر بەرھەم ساڵح وەک کورد سەرۆک کۆماری عیراقە لەبەرئەوە لەیاسای بودجەدا یان لەئەرزی واقعدا ھەر رێگریەک بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دروستبکرێت بەپلەی یەکەم ئیحراجیەکەی بەغدا بۆ ئەوە جا بەمەبەست بۆی دروستبکرێت یان لەدەرەوەی دەسەڵات بێت، بۆ ئەمە ئایا سەرۆک کۆمار ھەروا لەدورەوە چاوەرێدەکات و  دەستناکات بەجوولەکانی لەو کەیسەدا؟ یان کاتێک دێتەدەست کەلەدەست دەرچوبێت!

ھەمان ھاوکێشە بۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمیش راستە، بەتایبەت ئەگەر لەیەکەم ساڵی ئەزمونە نوێیەکەیدا گرفتی مووچە بۆ فەرمانبەرانی حکومەتەکەی دروستبێت ھەیمەنەی دەکەوێتە مەترسیەوەو سەری پەتەکەی بەدەستەوە نامێنێت، جا ھۆکارەکەی ناوخۆیی بێت یادەرەکی.

باشترین چارەسەر بۆ رزگارکردنی ھەرێمی کوردستان لەو مەترسی و تەحەدییە دارایی و  سیاسیەی لەپێشە ھەنگاوی کردەیی و دەستکردنە بەجولە، چونکە گەر ئەمجارە کێشەی ساڵانی رابردوو بۆ موچە دروستبێتەوەو نەوتی پێویست لەھەرێمەوە رادەستی سۆمۆ نەکرێت،  دیسان باسی مامەلەی راستەوخۆی بەغدا لەگەل پارێزگاکان جدیتر دێتەوە پێش ، بەتایبەت کەسەرۆک کۆمار ئەمجارە جیاوازترەو وەک جاری پێشوو تەنیا لەدورەوە ئیعاز نادات بەلکە سوکانەکەی بەدەستە.


PM:08:45:18/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 1660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌