ئەمەریکا بەشداری شەڕی قەندیل و پەکەکە دەکات؟

ئەنوەر حسێن (بازگر)

بەشی چوارەم:

-رۆژی 17/7/2019 بە راگەیاندنی  (کەجەکە) کە سەرحەد ڤارتۆ لێپرسراوی پەیوەندییەکانیان لە بۆردومانەکنی فرۆکەی تورکیا گیانی لەدەستداوە، هەر لە هەمان ڕۆژدا 17/7/2019 رووداوی هێرشکردنە سەر جێگری کۆنسوڵگەری لە هەولێر و کوشتنی، ئەگەرچی د. باهۆز ئەرداڵ بێ ئاگایی پەکەکەی راگەیاند، بەڵام دەستخۆشی لە کارەکتەرە کرد، ئەگەرچی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی هەرێم پەکەکەی بەرپرسیار لەو کارە، بارودۆخەکە تەواو دژوارتر دەرکەوت، کە پێناچێت بە هێواشی دابمرکێتەوە، واتا هەموو ئاماژەکان باس لە شەڕێکی توند و گەرم دەکەن.

بەپێی لێدوانی د. باهۆز ئەرداڵ ئەندامی بەرمانداری (HPG) ئەو کەسەی کورژاوە لە هەولێر میت بوو نەک دبلۆمات و سەرپەرشتی کارەکانی میت و ئۆپراسیۆنەکانی دژی پەکەکە کردوە، بەڵام بێ ئاگایی حزبەکەشی لەو کوشتنە دەربڕی. 

هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن، کوشتنی ئەم بەرپرسەی تورکیا، رەنگە بیانویەک بێت بۆ رێگا خۆشکردنی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە و وەکو ئەوەی دژی کەمپی مەخموور دەستی دایە بۆردومانی کەمپەکە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە رووداوەکە چۆن روویداوە، کە ئایا پەکەکە بەرپرسیارە یان بێ ئاگایە. 

ئاماژەکان دڵێن "خراپی پەیوەندییەکانی تورکیا و واشنتۆن هیچ یارمەتیدەر نییە بۆ هەلکردنی چرای سەوزی واشنتۆن بۆ هاوکاری ئەنکەرە، بۆیە ئەنکەرە پەلامارەکانی دەستپێکردە تا بڵێ گەر واشنتۆن هاوکاریش نەبێت، ئەوکارە هەر دەکات"، بەڵام چەند فاکتەر ئاماژەن بۆ فشار لەسەر ئەنکەرە و گوێ نەدان بە هەڕەشەکانی ئەنکەرە:

یەکەم: پشتیوانی بەردەوام و ناردنی چەک و کەلوپەلی سەربازی  بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە رۆژئاوای کوردستان، رێگری لە داخڵبوونی ئەنکەرە لە گرێ سپی، دروستکردنی ناوچەی ئارام کە رەچاوی داخوازییەکانی هەسەدە دەکات.

دووەم: گوێ نەدانی واشنتۆن بە هەڕەشەکانی تورکیا و نیگەرانییەکانی پارتی دیموکرات، بە بوونی هێزەکانی پەکەکە لە شەنگال و کەمپی مەخمور. بە چرای سەوزی عێراق و ئێران.

سێیەم: ناردنی مەسج و پەیامی واشنتۆن بۆ پژاک لە پەیوەست بە کێشەکانی ئێرانەوە لە پاڵ دیموکرات و کۆمەڵە، مەسجێکن ناڕاستەوخۆ پشتیوانییە لە پەکەکە.

چوارەم: سەرەڕای هەموو ئەوانە، بەڵام هێشتا مانای ئەوە نییە، واشنتۆن پشتگیری سیاسەتەکانی پەکەکە دەکات، وەکو چۆن بە ڕەسمیش دژایەتی خۆی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەنکەرە بە تەواوەتی دەرنەبڕیوە، یان هێشتا بڕیاری جددی نەداوە بۆ دژایەتی ئەنکەرە، چونکە گەر ئەو کارەیکرد راستەوخۆ یارمەتی پەکەکە دەدات و لە لیستی تیرۆر دەریدەکات و چەکی پێشکەوتووی پێدەدات، بەڵام لە بەرامبەر سەرەڕۆییەکانی تورکیادا، هێشتا پەکەکەی وەکو گوشار داناوە.

راستە واشنتۆن گەمارۆی ئابوری کاریگەری داناوە و ڕۆڵی هەیە لە دابەزینی نرخی دراوی تورکی و نیگەرانی نزیکبوونەوەی لە مۆسکۆ و قەتەر، دەخالەتی لە لیبیا، تاکڕەوی، رێز نەگرتنی مافی مرۆڤ، زیندانی پەرلەمانتاران و دژایەتی لەگەڵ گوللەن، کارتی فشاری واشنتۆن.
بەڵام زۆر جاری تر پەیوەندییەکانی واشنتۆن و تاران بەمشێوەیە خراپبوە، لەگەڵ روودانی ئاڵوگۆڕی ناوچەیی و رووداوگەلی گەرم و گرنگ واشنتۆن ڕووی لە ئەنکەرە کردۆتەوە.

بۆیە لە ئێستادا هیچ کام لە ئاماژەکان باسی بەشداری واشنتۆن لە شەڕی قەندیلدا ناکەن و بگرە بێ دەنگیش نابن، کە ئەمە لە قازانجی پەکەکەیە، بەڵام ڕەنگە فاکتەرێک کە زۆر گرنگە وابکات واشنتۆن ڕوو لە ئەنکەرە بکاتەوە و بەشدار بێت یان نەخشەڕێژ بێت لە پەلاماردان یان چاوپۆشی لە کۆنتڕۆڵی قەندیل، ئەگەری شەڕی ئێران و ئەمەریکایە، کە ئاماژەکان زۆرن بۆ ئەو شەڕە.

ئەمەریکا باش دەزانێت پەکەکە، هێزێکە چەندە دژی بیت، بەڵام جاروبار مەیلیت بەلایدا دەچێت، بەتایبەتی کە زۆر پەرجوو دروستدەکات و هێزەکانی وەک ئەمەریکا دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە.

مەسەلەن پەیەدە گەورەترین هێز بوو کە لە کۆبانی و رۆژئاوا پەرجوی نواند دژی داعش، یان هەسەدە بوو بارەگای سەرەکی داعش لە (رەقە) گرت و (١٠) هەزار چەکداری داعشی دەستگیرکردووە کە بەشێکیان هاوڵاتی ئەوروپین. ئەوە کارێکە بە عێراق، ئێران سوریا و تەنانەت هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش نەکرابوو.

بۆیە ئەمەریکا ئەو وێنە گشتییەی لەبەر چاوە ئەوەش دەزانێت کە پەکەکە لە جەمسەری نەیارەکانی خۆیەتی (تاران، بەغدا، دیمەشق..)، بەڵام بەو بارودۆخەشەوە نە دەست لە پەکەکە هەڵدەگرێت. نە لە ئەنکەرە.

ئەمەریکیەکان ڕوو بە میدیا دەڵێن: ئێمە مامەڵە لەگەڵ پەکەکە ناکەین.

هیچ راستی تێدا نییە، چونکە جەمیل بایک هاوسەرۆکی (کەجەکە) بە خۆمی وت: ئەمەریکا هاتونەتە قەندیل، ئەوەش دەزانین کە ئەمەریکا شەش مانگ جارێک دەچێتە قەندیل و هەموو ئاڵوگۆرییەکی زانیاری لە نێوانیاندا هەیە.

جیا لەوەی واشنتۆن دەزانێت جیا لە پەکەکە، نە (پەیەدە) نە (پژاک) نە (هەسەدە) کە سێ هێزن واشنتۆن یارمەتیان دەکات، بڕیار و ئینیرژی لە پەکەکە و خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەکو کارێزمای خۆیان دەناسن، ئەوەش دەزانێت لیستی یارمەتی و چەک و کەلوپەلی سەربازی کە دەگاتە رۆژئاوا، رۆژی دواتر لە قەندیلە و  قەندیل بڕیار دەدات، کێ فەرمانداری هەسەدە یان پەیەدەیە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا. ئەمەریکا نایەوێت لە رووی میدیا ئەم روەی خۆی نیشان بدات.

بۆیە ئاماژەکان دەڵێن، ئەوەی شەڕی قەندیل و کۆنتڕۆڵکردنی دواخستوە، نەبوونی چرای سەوزی ئەمەریکا و رێگرییەکانییەتی.

بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، ئەنکەرە ئەم خەیاڵەی لە مێشکی خۆی دەرکردووە.

PM:08:59:08/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 1108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌