پەیەدە وەڵامی نێچیرڤان بارزانی دەداتەوە

پەیەدە وەڵامی نێچیرڤان بارزانی دەداتەوە
مەوداپرێس-هێمن مامەند

نوێنەری پەیەدە لەباشووری كوردستان وەڵامی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم دەداتەوەو  دەڵێت "خۆقازی محەمەد و مستەفابارزانی پەكەكە نەبوون ، بۆیە پێویستە ئەم قسانە لەباشوور  گفتوگۆ نەكرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ لەمیانی پانێڵێكدا، كەلەهۆڵی شەهیدانی حزبی شیوعی كوردستان لەشارۆچكەی عەنكاوە رێكخرابوو ، سلێمان عارەب نوێنەری پەیەدە لەباشووری كوردستان تیشكی خستە سەر رۆژئاوای كوردستان و وتی "توركیا و ئەمریكاو روسیا لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان كاردەكەن و هەرسێكییان یەك شتن".
ئاماژەی بەوەشكرد "ئەوەی گرنگە پەیەدە و ئیدارەی رۆژئاوا خاوەن ئیرادەی خۆیەتی و ئەم ئیرادەش وایكردووە رۆژئاوا بمێنێتەوە و ژنێكی وەك ئیلهام ئەحمەد بچێتە كۆنگریس و هەروەها مەزڵوم كۆبانێش لەسەر ئاستی جیهاندا وەك جەنەراڵێك كورد بناسرێت".

وتیشی "گەلی كورد ئەمڕۆ لەرۆژئاوا خاوەنی نەوتەو هەروەها ئیرادەی خۆیەتی ئەمەش وایكردووە ، هەموو جیهان بێتە سەرخەت و كۆنگرێسی ئەمریكا لەبارەی رۆژئاواوە ببن بەدووبەش".

نوێنەری پەیەدە  باسیلەوەشكرد"ئیدارەی رۆژئاوا بەفەرمی سوپاسی خەڵكی باشووری كوردستان دەكات ، بۆئەو كەمپین و هاوكارییەی كە لەشارەكانی كوردستان بۆرۆژئاوا كردیان".

لەبارەی ڕۆڵی بایكۆتی كاڵای توركیا لەلایەن هاوڵاتیانی باشوری كوردستانەوە  سلێمان عارەب وتی "ئەم بایكۆتەی باشور زۆر گرنگەو دەبێتە داڕمانی ئابوری توركیاو پێویستە بەرفراوانتریش بكرێت، چونكە توركیا ژەهر دەنێرێت بۆباشووری كوردستان".

لەپرسیارێكی پەیامنێری مەوداپرێسیش ، كەئایا قسەتان چییە لەبارەی  وتەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی  هەرێمی كوردستان كەدوێنێ‌ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو توركیا دژی پارتی كرێكارانەو  تەنیا دوژمنی پەكەكەیە؟ 
لەوەڵامدا سلێمان عارەب  جەختی لەوەكردەوە "بەڕاستی حەق نییە ئەم قسانە لەباشووری كوردستان نیقاش بكرێت، چونكە توركیا دوژمنی هەموو كوردێكە لەهەركوێ بێت، وەئامانجی توركیاش لەناوبردنی هەموو كوردێكە نەوەكو پەكەكە".

وتیشی "ئەی خۆ قازی محەمەد و مستەفا بارزانی پەكەكەنەبوون ئەی بۆچی  توركیا دژایەتی دەكردن".
نوێنەری پەیەدە  راشیگەیاند"پەكەكە وەك پارتێكی سیاسی رێكخستنی خۆی هەیە لەرۆژئاوای كوردستان. دەشڵێت رۆژئاوای كوردستانیش  بەتەنیا لەلایەن پەیەدەوە  بەڕێوەناچێـێت بەڵكو 22پارتی و لایەنی سیاسی لەرۆژئاوا هەن.


PM:07:38:06/11/2019