نێچیرڤان بارزانی: داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین ڕۆڵی خۆیان بۆ ڕاگرتنی شەڕ بگێڕن

نێچیرڤان بارزانی:  داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین ڕۆڵی خۆیان بۆ ڕاگرتنی شەڕ بگێڕن
مەوداپرێس-

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر هێرشەكانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش دەکات ڕۆڵی خۆیان بۆ ڕاگرتنی شەڕ بگڕێن.

نێچیرڤان بارزانی لە ڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە " هەر لە سەرەتاوە بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەین و بە دڵگرانی و نیگەرانییەکی قووڵەوە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات لە سووریا دەڕوانین بەتایبەتی کە گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا تیایدا بەشدارن. شەڕ، دەرگا بە سەر کوشتار و دەربەدەری و ئاوارەبوونی خەڵکی سڤیل و دروستبوونی ناسەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا دەکاتەوە و هەڕەشە و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریش جددیتر و گەورەتر دەکات.".

ئاماژەی بەوەشداوە، " ئێمە کە لە هەرێمی كوردستان و عێراق قوربانییەكی زۆرمان بۆ تێكشكاندنی تیرۆر داوە و مەینەتییەکانی شەڕمان بینیوە، زۆر بە نیگەرانی و هەستیارییەوە لە ئاڵۆزبوونی دۆخەكە و تێکچوونی ئاسایش و نەمانی سەقامگیری دەڕوانین کە دەرەنجامی چاوەڕواننەکراو و مەترسیداری بۆ ناوچەکە و جیهان لێ دەکەوێـتەوە، بۆیە لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و دروستكردنی ئارامیدا، لە هەوڵی بەردەوامداین و بۆ هەموو نێوانگیری و هاوكارییەك ئامادەین".

هەروەها سەرۆكی هەرێم باسی لەوەشكردووە، " شەڕ و پێکدادان تەنیا ئاڵۆزی و پشێوی و مەترسی لە ناوچەکە زیاد دەکات، دەسکەوتەکانی تێکشکاندنی داعش لەناو دەبات و لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نابێت.

لەكۆتایی راگەیەندراوەكەی بارزانی هاتووە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ ئایندەی سووریا بدۆزێتەوە بە جۆرێک مافی هەموو پێکهاتەکانی تیادا پارێزراو بێت و بە جددی ڕۆڵی خۆی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و گەڕانەوەی سەقامگیری و پاراستنی ئاشتی و دیالۆگ و ڕێگەچارەی سیاسی بگێڕێت و ڕێگە نەدرێت خەڵکی سڤیل دەربەدەر و ئاوارە ببن."



PM:04:34:10/10/2019