رووداوەکان و کاریگەریەکانی لەسەر رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان

رووداوەکان و کاریگەریەکانی لەسەر رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان
مەوداپرێس-سازگار ئەحمەد

خۆپیشاندانەکانی عیراق و لەشکرکێشی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان کەم تا زۆر کاریگەریان هەیە لەسەر رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە دواین زانیاری لەسەر رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان حەسەن ئاڵی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق بە مەوداپرێسی راگەیاند "گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوامە سەبارەت بە کێشەکانی نێوانیان و رێککەوتنیان، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەکانی عیراقەوە تاڕادەیەک بارودۆخەکە شڵەژاوە و کاریگەری هەیە لەسەر ئەو پرسە".

حەسەن ئاڵی وتیشی "بیرو هۆشی حکومەتی عیراق لەلای جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانە، هەروەها ئەو لەشکرکێشیەی تورکیاش ئەنجامی دەدات بۆسەر رۆژئاوای کوردستان لە دوارۆژدا دەبێتە زەرەو زیان بۆ خۆمان، چونکە تورکیا و سوریاش دراوسی ئێمەن".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد "هەرشتێک لە بەغدا روو دەدات کاریگەری دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان و پریشکەکەی دەیگرێتەوە، هەروەها راستە حکومەتی عیراق بیری لای داواکاری خۆپیشاندەرانە، بەڵام نیەتەکانی باشن بۆ رێککەوتنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان".

لەوەڵامی پرسیاری مەوداپرێسدا سەبارەت بەوەی جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی عیراق کاریگەری لەسەر بوودجەی هەرێمی کوردستان نابێت حەسەن ئاڵی وتی "نەخێر کاریگەری لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان نابێت، بەڵام داواکاری خۆپیشاندەران قورسە و بوودجەیەکی زۆری دەوێت".



PM:02:31:10/10/2019