عادل عەبدولمەهدی پرسەی سەرتاسەری لەعیراقدا راگەیاند

عادل عەبدولمەهدی پرسەی سەرتاسەری لەعیراقدا راگەیاند
مەوداپرێس- 

سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق،  بۆماوەی سێ رۆژ پرسه‌ی سه‌ر‌تاسه‌ری له‌ عیراق راگه‌یاند، وه‌ك هاوخه‌میه‌ك بۆ قوربانیانی خۆپیشاندانه‌كان.

عادل عەبدولمەهدی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق لەوتارێكدا بۆخەڵكی و خۆپیشاندەرانی عیراق رایگه‌یاند‌،  پرسه‌ی گشتی بۆ ماوه‌ی‌ سێ رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌ سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات لەسەرتاسەری وڵات.

ئاماژەی بەوەشكرد ماتەمینی و ‌ پرسه‌ی گشتی له‌ عیراقدا وه‌كو هاوخه‌مییه‌ك ده‌بێت بۆ قوربانیانی خۆپیشاندانه‌كان.

هەروەها باسی لەوەكرد، بۆ ماوەی سێ مانگ مووچە بۆ دەرچوانی زانكۆ و هەروەها پارەش بۆ ئەوخێزانانە تەرخان دەكەن كە سەرچاوەی ماددیان نییە و كەمدەرامەتن.

ئەوەش لە كاتێكدایە، هەفتەی رابردوو له‌ به‌غدا و چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكەی عیراق خۆپیشاندانەكان ده‌ستیپێكرد و به‌هۆی گرژییەكانەوە 104 خۆپیشاندەر كوژران و زیاتر لەشەش هەزار كەسیش  برینداربوون.



PM:09:56:09/10/2019