شیکردنەوەیەک بۆ خۆپیشاندانەکانی عیراق
کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان

شیکردنەوەیەک بۆ خۆپیشاندانەکانی عیراق <br> کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان
مەوداپرێس-سازگار ئەحمەد

ماوەی چەند رۆژێکە خۆپیشاندان و گرژی ئاڵۆزییەکان لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی عیراق بەردەوامی هەیە، بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەوە ژمارەیەک لە هاوڵاتیان کوژران و برینداربوون.

سەبارەت بە خۆپیشاندان و گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم چەند رۆژەی عیراق سەنگەر سەید قادر، لێکۆڵەر لە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان بە مەوداپرێسی راگەیاند "ئەوەی ئێستا لە عیراق روو دەدات رووداوێکی لەناکاو نیە بەڵکو کەڵەکە بوونی کۆمەڵێک کێشەی چەندین ساڵەیە کە لەساڵی 2013-ەوە هەتاوەکو ئێستا هەیە".

سەنگەر سەید قادر وتیشی "بودجەی عیراق لە ساڵی 2013 تاوەکو ساڵی 2017 و 2018 نزیکەی 1200 ملیار دۆلار زیاتر بووە ئەمەش بوودجەیەکە کە دەتوانرێت وڵاتێکی گەورەی پێ بونیادبنرێت، بەڵام ئەوەی لە میدیاکان یان ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە بڵاوکراوەتەوە زیاتر لە 50% بۆ 53%ی  ئەو بوودجەیەی عیراق بە هەدەر دراوە، ئەمەش وایکردووە کە عیراق وڵاتێکی وێران بێت لەدوای جەنگی ئەمریکاوە ئەمەش هۆکاربووە خەڵکەکەی توڕە بێت، لەبەر ئەوەی خەڵک لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە لە دۆخێکی خراپدایە".

 ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوەی ئێستا لە عیراق روو دەدات راستەخۆ پەیوەندیی هەیە بە ململانێی دوو بەرەوە کە بەرەیەکیان ئەمریکایە و بەرەکەی تریشیان ئێرانە، لەلایەکی تریشەوە سعودیە و ئیسرائیل بەشێکن لەو ململانێیە، بەڵام ئەم ململانێ نێودەوڵەتیە هاتووەتە ئاستی خوارەوە بۆ هێزە سیاسییە عیراقیەکان".

ئەو لێکۆڵەرە باسی لەوەشکرد "لەدوای ئەوەی ناڕەزایەتیەکان دەستی پێکرد بۆ ئەوەی عەبدولوەهاب ساعدی بگەڕێتەوە پۆستەکەی خۆی کە بەرپرسی دژە تیرۆری عیراقە پێکدادان لە نێوان بەرەی ئەمریکی و ئێرانی لە عیراق روویدا هەر لە یەکەم رۆژی خۆپیشاندانەکە ژمارەیەک هاوڵاتی بوونە قوربانی ئەمەش زیاتر خەڵکی توڕە کرد، هەروەها لایەنە سیاسیەکان بەشێکی زۆریان بەهۆی ئەوەی دوو هەفتە لەمەوبەر عەلی خامنەیی نامەیەکی هەڕەشە ئامێزی ئاراستەی سیاسیە عیراقیەکانی کردبوو داوای لێکردن کە پێویستە عادل عەبدولمەهدی بمێنێتەوە هەر هەوڵێک بۆ لادانی ئیران دژی ئەوەستێتەوە ئەمەش زۆرێک لەلایەنەکانی نائومێد کرد بەتایبەت ئەو لایەنانەی کە ئومێدیان لەسەر لادانی عەبدولمەهدی هەڵچنی بوو ئەوانیش بریتی بوون، لە حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر و نوری مالکی، چونکە عەبادی و مالکی دەیانەوێت جێگرەوەی عەبدولمەهدی بن". 

لەبارەی کاریگەرییەکانی خۆپیشاندان و ئاڵۆزیەکانی عیراق لەسەر هەرێمی کوردستان سەنگەر سەید قادر وتی "پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا تەنها پەیوەندیی بە بوودجە و ناوچە کێشە لەسەرەکانەوە هەیە، وە ئەو خۆپیشاندانانەی کە ئێستا لە عیراق هەیە کاریگەرییەکانی بەپێی سیناریۆکان دەگۆڕێت".

باسی لەوەکرد ''سیناریۆی یەکەم ئەوەیە کە خۆپیشاندانەکان لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاسایی دەبنەوە حکومەتی عیراق کۆمەڵێ چاکسازی دەکات و چەند گۆڕانکارییەک لە حکومەتدا دەکرێت، ئەم سیناریۆیە تاڕادەیەکی زۆر لە بەرژەوەندی کوردنیە، چونکە حکومەتی عیراقی کۆمەڵێک بەڵێن دەدات بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی خەڵک کە ئەمەش پێوستی بە بوودجەیەکی تایبەت هەیە وە پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت دابەزێت، ئەمەش وادەکات داهاتی حکومەتی عیراق بەشی بوودجەی هەرێمی کوردستان نەکات".  

ئاماژەی بە سیناریۆی دووەم کرد وتی "خۆپیشاندانەکان بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبن و عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە بەڵام گرژی و ئاڵۆزییەکان زیاد دەکەن، ئەمەش گەر ئاگرەکە نەگاتە هەرێمی کوردستان  ئەوا پریشکی ئەو ئاگرەی بەردەکەوێت، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەگەر خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن کە ئەمریکای لە پشتە بە ناراستەوخۆ ئەوا ئێرانیش بێ وەڵام نابێت وە کاتێک وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە ناتوانێت لە پارێزگاکانی عیراقەوە لەدژی ئەمریکا کار بکات، بۆیە ئێران لەرێگەی خراپکردنی دۆخی ئەمنی و سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە ئەمەش ئەگەری زۆرە کورد زەرەرمەندێکی سەرەکی بێت".

سەنگەر سەید قادرئاماژەی بە سیناریۆی سێیەم کرد وتی "سیناریۆی سێیەم ئەوەیە عادل عەبدولمەهدی دەست لەکار بکێشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت و حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت کە ئەمەش ئەگەرێکی دوورە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ناتوانێت بەو ماوە کەمە و لەم بارودۆخەدا ئامادەکاری بکات بۆ هەڵبژاردن کە شەش مانگی دەوێت، بەڵام لە ئەگەری روودانیشیدا کورد زەرەر مەندی سەرەکی دەبێت، چونکە حکومەتی عیراق ناتوانێت شایستە داراییەکانی کورد بدات، هەروەها هەبوونی عادل عەبدولمەهدی بۆ کورد گرنگە چونکە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمدا باشە".

لەکۆتایشدا ئاماژەی بەوەکرد "باشترین سیناریۆ بۆ کورد ئەوەیە کە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بمێنێتەوە، هەروەها پێویستە لایەنەکانی کورد کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکەن و پلانیان هەبێت بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەم بارودۆخە". 
 
 
 



AM:11:45:06/10/2019