موقتەدا سەدر بێدەنگی شكاند

موقتەدا سەدر بێدەنگی شكاند
مەوداپرێس-

رێبەری ره‌وتی سه‌در ئاشكرایدەكات، بۆ پاراستنی ئاستی جه‌ماوه‌ریی خۆپیشاندانه‌كان شوێنكەوتوانی ره‌وته‌كه‌ی به‌شدارییان له‌ ناڕه‌زاییه‌كاندا نه‌كردوه‌.

دوای دوورۆژ لەخۆپیشاندانەكان موقتەدا سەدر بێدەنگی شكاند و له‌ هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر رایگەیاندووە، نامانه‌وێ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیمان نییه‌ خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی ئێستا بكرێته‌ خۆپیشاندانێك كه‌ مۆركی ره‌وت و جوڵانه‌وه‌كانی پێوه‌ دیار بێت. 

ئاماژەی بەوەشكرد، ئه‌گه‌ر ئه‌و هۆكاره‌ نه‌بووایه‌، فه‌رمانمان ده‌كرد لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌دریش له‌گه‌ڵیان خۆپیشاندان بكه‌ن، به‌ڵام باشتره‌ ئاستی جه‌ماوه‌ریی خۆپیشاندانه‌كان به‌و جۆره‌ بپارێزرێت كه‌ ئێستا هه‌یه‌ و تێكه‌ڵی هیچ ره‌وتێك نه‌كرێت.

هەروەها موقتەدا سەدر داوای خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ دەكات و به‌ لایه‌نگرانی وتووه‌ كه‌ ده‌توانن به‌ مانگرتنی ئاشیانه‌ یان مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری، پشتیوانی له‌ خۆپیشاندانه‌كان بكه‌ن.

داواشیكردوه‌ ده‌ستدرێژی نه‌كرێته‌سه‌ر ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی كه‌ دژی گه‌نده‌ڵی و توندوتیژین.



PM:10:06:02/10/2019