کوا تەرمی خاشقچی؟
ئەردۆغان لەوتارێکدا زانیاریی دەخاتەڕوو

کوا تەرمی خاشقچی؟<br>
ئەردۆغان لەوتارێکدا زانیاریی دەخاتەڕوو
مەوداپرێس ـ 

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە کوشتنی خاشقجی بە ھۆی رەھەندی مرۆیی و خراپ بەکارھێنانی بنەمای پارێزبەندی دیپلۆماسی مایەی نیگەرانییە و لەو باوەڕەدان کە تەنھا بە دەستی دادگا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان دادپەروەری بەرجەستە دەبێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارەکەیدا لە بارەی کوشتنی خاشقجی کە بۆ زە واشنتۆن پۆست-ی نووسیوە، باسی لەوە کردووە کە ھەرچەندە رووداوی کوشتنی خاشقجی وەک ھێرشە تیرۆریستییەکانی ١١ی ئەیلوول لەبەرچاو ناگیرێت، بەڵام بەگەورەترین و پڕمشتومڕترین رووداوی سەدەی ٢١ دادەنرێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە لە ١١ی ئەیلوولەوە ھیچ رووداوێک ھێندەی ئەوە ھەڕەشەی لە شیرازەی نێودەوڵەتی نەکردووە و رایگەیاندووە ''ئەوە راستییەکی نیگەران بەخشە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئەو رووداوەدا زانیارییمان لە بارەی تاوانەکە سنووردارە و ئەوەیشی کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بیری لێبکاتەوە. روونکردنەوە و نەکردنەوەی مردنی ئەو رۆژنامەنووسە سعوودیە بە ھەموو ئاراستەکانییەوە، ئەوە دیاری دەکات کە منداڵەکانمان لە چ جیھانێکدا دەژین. حکوومەتەکەم ھەر لە یەکەم رۆژەوە لەو بارەیەوە گرنگیی داوە بە سیاسەتی شەفافیەتی تەواو. لە میانی ئەو ساڵەدا کە جێمانھێشتووە رێکخستنە ھەواڵگری و ئەمنییەکانمان، دیپلۆماتکار و داواکارانی گشتییمان وەک چاودێری بابەتەکە ھاریکاریان لەگەڵ موخاتەبەکان کردووە؛ ھەنگاوی پێویست نراوە بۆ روونکردنەوەی بابەتەکە بۆ رای گشتیی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی. لەو چوارچێوەیەشدا بەڵگەکانی بەردەستمان لەگەڵ وڵاتاندا بەشکرد کە سعوودیە، ئەمریکا، رووسیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و ئیمارات-یان لەنێودایە. لەگەڵ ئەوەشدا ھاوکاری ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگنیس کالامارد-مان کرد لە لێکۆڵینەوەکەیدا. وەک دوایین جاریش ھەوڵماندا بکوژانی خاشقجی بھێنرێنەوە بۆ تورکیا کە شوێنی ئەنجامدانی تاوانەکەیە''.

- "ھەوڵدان بۆ پەردەپۆشکردنی رووداوەکە نموونەیەکی زۆر مەترسیدارە''

سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا پێیوایە (کێشەکە) لە نەبوونی پشتیوانییەکی پێداگیری پشتبەستوو بە رێساکانی سیستەمی نێودەوڵەتی بۆ پرسەکە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە ھەر لە سەرەتای پرۆسەکەوە دژی ئەوە وەستاونەوە کوشتنی خاشقجی بکرێتە پرسی نێوان دوو وڵات و ئاماژەی بەوەدا کە بەڕوون و ئاشکرایی جیاوازی لە نێوان ئەو چەتەیەی خاشقجی دڕندانە کوشت و شا سەلمان بن عەبدولعەزیز و گەلی سعوودیە دەبینن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا دۆستایەتی دێرینیان لەگەڵ سعوودیە نابێتە بەربەست لەبەردەم گوتنی راستییەکان و وتی: "بەپێچەوانەوە دۆست ئەوەیە راستییە تاڵەکانت پێ بڵێت. ئەوانەی لە کۆنسولخانەی سعوودیە جەمال خاشقجی-ان کوشت و تەرمەکەیان لەت لەت کرد خزمەت بە دەوڵەت و گەلەکەیان ناکەن، بەڵکو خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەو چەتەیە دەکەن کە لە سعوودیە خۆی مەڵاس داوە. ئەگەر بەپێچەوانەی ئەوە بیرمان کردبووایەوە، وەک ناکۆکییەکی دوولایەنی ھەڵسەنگاندنمان بۆ رووداوەکە دەکرد، بەڵام رووداوی کوشتنی خاشقجی وەک پرسێکی دادوەری دەبینین، نەک سیاسیی و سوورین لەسەر باوەڕبوونمان بەوەی کە ئەم پرۆسە دادوەریەش تەنھا لە دادگا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان بەدی دێت. مایەی نیگەرانییە کە لە رووداوی کوشتنی خاشقجی-دا پرەنسیپی پارێزبەندی دیپلۆماسی بۆ مەرامی خراپ بەکارھێندراوە. گەشتکردنی بکوژان بە پاسپۆرتی دیپلۆماتی، کردنی تەلارێکی دیپلۆماتی بە شوێنی ئەنجامدانی تاوان و ھەوڵدانی دیپلۆماتی پلە یەکی سعوودیە لە ئیستانبوڵ بۆ ئەوەی رووداوەکە پەردەپۆش بکات؛ نموونەیەکی زۆر مەترسیداری دروست کردووە. لەوانەیە لەوە مەترسیدارتر ئەوە بێت بکوژان بێ ئەوەی لە وڵاتی خۆیان ھیچ جۆرە سزایەک بدرێن، بەردەوام بن لە ژیان".

- "کێ واژووی لەسەر فەرمانی کوشتنی خاشقجی کردووە؟"

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە کە شتێکی شاراوە نییە ئەوان گومانیان لەو پرۆسەی دادوەرییە ھەیە کە لەبارەی رووداوەکەوە لە سعوودیە بەردەوامە و گوتی:

''بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دوور لە شەفافییەت، ئەنجامدانی دانیشتنەکان لە پشت دەرگا داخراوەکان و بانگەشەکانی ئازادکردنی تۆمەتباران بە شێوەیەکی نافەرمی وەک چۆن چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ھەدەردا، بە ھەمان شێوە کاریگەری نەرێنیی دەکاتە سەر دیدی سعوودیە. وەک دۆست و ھاوپەیمانی سعوودیە ھەرگیز خوازیاری ئەوە نین. دەبینین ئاسایشی نەتەوەیی دەکرێتە بەھانەی شەرعیەتپێدانی ئەم کەموکوڕییەی کە لە شەفافیەتدا ھەیە. خستنەگەڕی ھەموو تواناکان بۆ رادەستکردنی تیرۆریستان بە دادپەروەری شتێکە، کوشتنی مرۆڤە بێتاوانەکان بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەسەر بۆچوونی سیاسییان، شتێکی دیکەیە. بۆ نموونە رفاندنی ئەدۆڵف ئیچمانی تاوانباری نازی و رادەستکردنی بە یاسا ھەنگاوێکی شەرعییە. بانگەشەکردن بۆ ئەوەی کە دۆسیەی خاشقجی خزمەتی بە دادپەروەری کردبێت، جێگای پێکەنینە".

رەجەب تەیب ئەردۆغان وەبیریھێنایەوە کە تورکیا بەڵێنی داوە لە ئایندەشدا بەردەوام بێت لە ھەوڵەکانی بۆ روونکردنەوەی دۆسیەی خاشقجی و گوتی:

"وەک تورکیا بەڵێن دەدەین لەمەودواش بەردەوام بین لە ھەوڵەکانمان، بۆ روونبوونەوەی (رووداوی) کوشتنی خاشقجی. بەردەوام دەبین لە پرسینەوەی ئەو پرسیارانەی کە ساڵی رابردوو ھەر لەم رۆژنامەیەوە خستمانەڕوو. تەرمی خاشقجی لە کوێیە؟ کێ فەرمانی کوشتنی رۆژنامەنووسە سعوودییەکەی واژووکردووە؟ کێ ١٥ بکوژەکەی بە دوو فڕۆکە ناردە ئیستانبوڵ کە پزیشکی داوەریشیان لەنێودابووە؟ لە بەرژەوەندیی تورکیا و مرۆڤایەتیدایە جارێکی دیکە رووداوێکی لەم جۆرە لە ھیچ شوێنێکی جیھاندا روونەدات. ئاسانترین رێگا بۆ ئەمە، ھەوڵدانە بۆ ئەوەی کە تاوانباران بێ سزا نەمێننەوە. ئەمە قەرزی خێزانی جەمال-ە لەسەر شانمان".

سەرچاوە: ئاژانسى ئەنادۆڵی تورکیی


PM:02:11:30/09/2019






زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌