چاودێران تاووتوێی دەکەن
پەیوەندی ئەمریکا ـ کورد و نیگەرانی تورکیا

چاودێران تاووتوێی دەکەن<br>
پەیوەندی ئەمریکا ـ کورد و نیگەرانی تورکیا
مەوداپرێس ـ 

بابەتی پەیوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا کورد بەتایبەت لە خۆرئاواى کوردستان، مایەی نیگەرانییە بۆ تورکیا و ئەنکەرە بە ئاشکرا لەسەر ئاستەکانی سیاسی و میدیایی و زەمینیی کار لەسەر ئەو نیگەرانییە دەکات، بەجۆرێک چاودێران و رای گشتی تورکیاش هەمان روانگەیان هەیە، وەک بۆزکورت دەڵێت: پەیوەندی کورد و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا وایکردووە کە ئەنکەرە و واشنتۆن وەک دوو دەوڵەتی نەیار و رکابەر لە ناوچەکەدا دەربکەون، لەبری ئەوەی دوو دەوڵەتی هاوپەیمان و دۆست بن. 

جەیحوون بۆزکورت شارەزاى تورکیی سەبارەت بە پرسەکانی گەمارۆی ئەمریکیی و پەیوەندیی سەربازیی تورکیی ـ رووسیی بۆ ئاژانسى هەواڵی میهری ئێرانیی نیمچە رەسمی وتی: ئەگەر بڕوانینە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنکەرە و واشنتۆن دەبینین کە ئەو دوو وڵاتە زیاتر لەوەی هاوپەیمان بووبێتن، دوو دەوڵەتی ڕکابەر لە ناوچەدا بوونە.

ئەو شارەزا تورکییە روونیکردووەتەوە: بەهۆی پاڵپشتیی ئەمریکا لە پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و لە باکووری عێراق لە ساڵانی دەیەی ٩٠ بەولاوە هۆکاری سەرەکیی ناکۆکیی نێوان دوو وڵات بووە.

لەماوەى رابردوودا کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس ٤٠٠ رووسیی لەلایەن تورکیاوە، نیگەرانی بەرچاوی لاى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دروست کرد و بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی ئەمریکا لەچەندین بۆنە و مەراسیمدا بە ئاشکرا سەبارەت بەو کەیسە رەخنەیان لە ئەنکەرە گرت و هەڕەشەی سەپاندنی سزایان کرد. 

جەیحوون بۆزکورت لە لێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوەشکردووە کە کڕینی سیستمی ئێس٤٠٠ لەلایەن تورکیاوە زیاتر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیای ئاڵۆز، ئەگەرچی پێشتر بەهۆی کوردەوە ئەمریکا بەردەوام رەخنەی لە واشنتۆن گرتووە، دەڵێت: کڕینی ئێس ٤٠٠ لەم دواییانەدا بۆتە هۆی تەشەنەسەندنی زیاتری ناکۆکییەکان.ش

بڕیارە لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوودا تورکیا بە ئاشکرا پارچەکانى تری سیستمە رووسییەکە هاوردەی تورکیا بکات و بنکەکانی سیستمی ئێس ٤٠٠ لە تورکیا تەواو بکات، دواى ئەوەی لە مانگەکانی رابردوودا رایگەیاند کە پارچەکانى سەرەتایی سیستەمەکە گەیشتوون. 

ئەو شارەزا تورکییە لەبارەی رکابەریی روسیا و ئەمریکاوە بۆ فرۆشتنی چەک بە تورکیا، دەڵێت: تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا لە بابەتی پیشەسازیی سەربازی و بەرگری دەستەوداوێنی وڵاتانی رۆژئاوایی بووە و بەو پێیە بەرەوڕووی کێشەگەلێکی زۆر هاتووە و لەوانە قبووڵ کردنی مەرجی وڵاتانی رۆژئاوایی بەوەى کە نابێت ئەو چەکانە لە دژی پەکەکە بەکاربهێنێت، کە ئەوەیان بۆ تورکیا زۆر دژوار بوو. بەڵام لە دوای کودەتای ٢٠١٦ هەلومەرجێک رەخسا کە تورکیا بۆ کڕینی چەک رووی لە روسیا کرد و ئەمە دەرفەتێکی زیڕین بوو بۆ مۆسکۆش.

بۆزکورت پێیوایە: تورکیا بۆ مۆسکۆ و واشنتۆن بازاڕێکی ملیار دۆلارییە و هەریەک لەوان لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی ئەو بازاڕە بە دەستبهێنن.


AM:11:22:30/09/2019