تەقەكەرەكەی كۆمیتەی چوارو پێنجی یەكێتی دەستگیركرا

تەقەكەرەكەی  كۆمیتەی  چوارو پێنجی یەكێتی دەستگیركرا
مەوداپرێس- هێمن مامەند

ئەو كەسەی شەوی رابردوو ، لەشاری هەولێر تەقەی لەكۆمیتەی چوارو پێنجی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان  كرد دەستگیرا.

سەرچاوەیەكی ئاگادار تایبەت بەمەوداپرێسی راگەیاند "ئەوكەسەی شەوی ڕابردوو تەقەی لەبارەگای كۆمیتەی چوارو پێنجی یەكێتی  نیشتیمانی كوردستان كرد، كاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لەنێو ماڵەكەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی هەولێرەوە دەستگیركرا".

لەبارەی ناسنامەی تەقەكەرەكە، سەرچاوەكە ئەوەی بەمەوداپرێس وت "خۆی  و بنەماڵەكەی لەریزی سەربازی سەر بەپارتی دیموكراتی كوردستانن ".

مەوداپرێس ئەوەشی زانیووە بڕیارە سبەی بەفەرمی مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێـتی نیشتیمانی كوردستان لەرێگەی پارێزەرەكەیەوە سكاڵا لەسەر تۆمەتبارەكە تۆماربكەن". 

ئەمە لەكاتێكدایە ، كەشەوی  رابردوو واتە دوێنێ‌ هەینی مەوداپرێس وەكو یەكەم دەزگای میدیایی ، لەزاری عەبدولڵا عومەر بەرپرسی كۆمیتەی پێنجی یەكێتی ئەوەی بڵاو كردەوە "كەلەلایەن كەسێكی نەناسراوەوە تەقە لەبارەگای كۆمیتەی چوارو پێنجی یەكێتی كراوە".

بارەگای كۆمیتەی چوارو پێنجی یەكێتی بەیەكەوەیەو  دەكەوێـتە گەڕەكی  99ی شاری هەولێر كەدەكاتە پشت بارەگای ئاسایشی گشتی هەولێر .


PM:09:14:21/09/2019