سەرۆک مام جەلال و نێچیرڤان بارزانی چۆن جەنڕاڵە تورکەکانیان شۆک کرد

سەرۆک مام جەلال و نێچیرڤان بارزانی چۆن جەنڕاڵە تورکەکانیان شۆک کرد
مه‌وداپرێس-

ئەرسەلان بایز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەدرێژەی گێڕانەوەی یادەوەرییەكانی سەردەمی شاخ باسی چیرۆكێكی شەڕی ناوخۆ دەكات كاتێك دوو شاندی یەكێتی و پارتی حكومەتی توركیا میواندارییان دەكات و  سەرۆک مام جەلال لەسەر پرسی كەركوك بەقسەكانی توشی شۆكیان دەكات و وا لەنێچیرڤان بارزانیش دەكات كە ناكۆكی  نێوخۆی هەردوو حزب لەبیر خۆی بباتەوە.


د. ئەرسەلان بایز لەنوێترین وتاری خۆیدا كە لەرۆژنامەی كوردستانی نوێی زمانحاڵی یەكێتی بڵاویدەكاتەوە لەزنجیرەی ژمارە 35  دەڵێت، لەگەرمەی شەڕی ناوخۆو كورد كوژی ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، حكومەتی توركیا بۆ باسكردنی هەندێ بابەت لەبارەی شاری كەركوكەوە بە دوو شاندی جیاواز میوانداری (ی.ن.ك) و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات. هەردوو شاندە كوردستانییەكە لەبەرامبەر یەكتر دادەنرێن و شاندی ژەنەڕاڵە توركەكانیش لەو سەرەوە ئیدارەی كۆبوونەوەكە دەكەن.


ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای دەستپێكردنی كۆبوونەوەكەو قسەكردن لەسەر هەندێ بابەت. توركەكان باس لەوە دەكەن كە شاری كەركوك شارێكی توركمانییە بۆیە لەكاتی ڕووخانی حكومەتی بەعسی عیراق رێگا نادەن هێزە كوردییەكان بچنە ئەو شارە. 


هەروەها نوسیویەتی، دواتر نۆرەی قسەكردن دەدرێتە (مام جەلال)و دەڵێ:

-كاتێ ئێمە لەشاخ بووین و حكومەتی عیراق بەجۆرەها چەكی سووك و قورس شەڕی هەموو پێكهاتەكانی ئێمەو كەركوكی دەكرد. كاتێ ڕۆژانە ڕۆڵەكانی كوردو توركمان لەشاری كەركوك ئازار دەدران. لەسەر داواكردنی بچووكترین مافەكانیان ڕاپێچی زیندانەكان دەكران. ئێوە لەكوێ بوون…؟ ئەی ئەوساش كەركوك توركمانی تێدا نەبوو…؟ بۆچی خۆتان بێدەنگ كردبوو و قسەیەكتان نەكرد…؟
كاتێ ئێمە لەشاخ بووین…. ڕۆژانە تەنیا یەك سەعات بەرنامەی ڕادیۆمان هەبوو، كەچی هەفتانە دووجار بیست خولەك بیست خولەك بەرنامەی حزبە توركمانیەكانی شاخمان بڵاو دەكردەوە. بە چادرو ئازووقەو ڕادیۆی خۆمان پشتیوانیمان لەتوركمانەكان دەكرد. ئەی نازانم ئەوسا ئێوە لەكوێ بوون…؟ بۆچی گوێتان لەهاواری ئەو توركمانانە نەبوو…؟ بۆچی یارمەتیتان بۆ نەناردن…؟ خێرە ئاوا ئێستا بوون بەپارێزەری توركمانەكان…؟

كاتێ (تاریق عەزیز) وەزیری دەرەوەی عیراق بوو، بەسەردان هاتە توركیاو وتی:
-لەعیراق هیچ كێشەیەك بەناوی توركمان نییە، بۆچی قسەتان نەكرد…؟ ئێستا پێم سەیرە بوون بەخاوەن و خەمخۆری توركمانی كەركوك. ئەو (مرۆڤە) بەشێوەیەكی كوردانەی ئەوتۆ قسە دەكات. 

د. ئەرسەلان بایز لەدرێژەی وتارەكەی  باسی لەوەكردووە "(كاك نێچیروان) كە ئەوسا لەگەڵ (ی.ن.ك) و (مام جەلال) ناكۆك و لەشەڕدا بوون بەقسەكانی (مام جەلال) خۆشحاڵ و سەرسام دەبێت. بۆیە لەلای خۆیەوە هەموو ناكۆكییەكانی نێوخۆی هەردوو حزب لەبیر خۆی دەباتەوەو وەلای دەنێ كوردانە نامەیەكی كورت بۆ (مام جەلال) دەنووسێ:
-حەز دەكەم بەهەنگاوێك بێمە ئەو دیوی مێزەكەی نێوانمان و ماچت بكەم.

"دوای تەواوبوونی قسەكانی (مام جەلال). نۆرەی قسەكردنی (كاك نێچیروان) دێت، ئەویش زۆر بەكورتی دەڵێت:
-من هیچ قسەیەكی ترم نییە. ئەو قسانەی (مام جەلال) كردی بێ زیادو كەم قسەی ئێمەشە"، وەكو لەوتارەكەی د.ئەرسەلان بایز هاتووە.

ژەنەڕاڵە توركەكان سەرسام دەبن. دواتر بەتەعلیق بە (كاك نێچیروان) دەڵێن:
ها (صاین) بارزانی هیچ قسەت نییەو پشتیوانی قسەكانی (تاڵەبانی) دەكەیت…؟!

ئەویش دووبارەی دەكاتەوەو دەڵێت: بەڵێ قسەكانی (مام جەلال)، ڕاوبۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە.


PM:09:38:15/09/2019