پێشنیازی ئیسرائیل بۆ روسیا سەبارەت بە ئێران

پێشنیازی ئیسرائیل بۆ روسیا سەبارەت بە ئێران
مەوداپرێس ـ 

ئیڤان ئەبولیڤ نوسەری رووسیی لە وتارێکدا کە بۆ رۆژنامەی گازێتەرووی رووسیی نوسیوە باس لەوە دەکات بونیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی‌ ئیسرائیل، حکومەتی مۆسکۆی لە مەترسیی ئێران بۆ سەر رووسیا ئاگادارکردووەتەوە. 

بەگوێرەی‌ سایتی ئاڕ تی رووسیی، بونیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی‌ ئیسرائیل لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵی ئار بی کەی رووسییدا وتویەتی: ئێران مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئایندەی روسیا، ئێران یەکێک لە مەترسییەکانی‌ سەر ئایندەی رووسیا، دووەم مەترسیی بریتییە لە ئیسلامیی سوننیی رادیکاڵ.

سەرۆک وەزیرانی‌ ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی‌ تاران بە شیعەی توندڕەو وەسف  کردووە و پێیوایە لە ئیسلامیی سوننی رادیکاڵ مەترسیدارترن بۆ سەر ئایندەی رووسیا، وتوشیەتی: ئێران ئایدۆلۆژیا و چەک تەنیا بۆ خۆرئاوا رەوانە ناکات بەڵکو رەوانەی روسیاشی دەکات. 

نوسەری وتارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئیسرائیل ئەو راستییەی نەشاردۆتەوە کە دەیەوێت ئێران لە سوریا دەربچێت، لەبەر ئەوەی پێیانوایە بوونی ئێران لە وڵاتێکی دراوسێکیدا، مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی‌ دەوڵەتی ئیسرائیل دروست دەکات، ئەوەی کە ئیسرائیل زۆر دەترسێنێت، بوونی باڵی چەکداری حزبوڵڵای لوبنانیی شیعییە لە سوریا. 

ئەو نوسەرە رووسیی دەڵێت: لەهەمان کاتدا ئێران هاوپەیمانی روسیایە لە سویا، دژی چەکدارانی‌ دەوڵەتی ئیسلامیی دەجەنگێت، ئێران وەک زەمانەتی پرۆسەی ئاشتی لە سوریا کار دەکات شانبەشانی تورکیا و روسیا، بۆیە حکومەتی مۆسکۆ نایەوێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ یەکێک لە هاوپەیمانە هەرێمیە بەهێزەکانیدا تێکبدات. 

وەبیری هێناوەتەوە، کە پێشتر زفی ماگین باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە مۆسکۆ بۆ رۆژنامەی گازێتاروو وتویەتی: مۆسکۆ چەندین ئامرازی فشاردانانی لەسەر ئێران بەدەستەوەیە، رووسیا داوای‌ لە هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە کە سنوری دەسەڵاتەکانی‌ ئێران لە سوریا تا ئەوپەڕی کەمبکرێتەوە، بەڵام تەلئەبیب و واشنتۆن نەگەیشتوونەتە ئەنجام. 

نوسەرە رووسییەکە لەو وتارەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە کە سەرەڕای بوونی بابەتی داواکاری دەرچونی ئێران لە سوریا، ناگونجێت ئێران سوریا بەجێبهێڵێت، مەگەر بە داواکاری و پێشنیازی دەسەڵاتی سوریا.



PM:09:17:15/09/2019