هەرێم و بەغدا لەسەر ئەم پرسە رێكدەكەون

هەرێم  و بەغدا لەسەر ئەم پرسە رێكدەكەون
مەوداپرێس-


هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی زانكۆكان رێكدەكەون و   دان بە زانكۆكانی  یەكتر دەنێت و بۆئەم مەبەستەش بڕیارە لیژنەیەكی حكوومەتی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.

محەمەد شاكر، پەرلەمانتاری پارتی و ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی راگەیاندووە "دوای چەندین هەوڵی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، توانیمان كێشەی دانپێدانانی زانكۆكان لە نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكەین".

پەرلەمانتارەكەی پارتی ئاماژەی بەوەشكرد "حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە دان بە 9 زانكۆی هەرێمی كوردستاندا بنێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا سێ لیژنە پێكهاتوون و بڕیارە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری كوالێتی خوێندن و ئاستی زانستیی ئەو زانكۆیانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بن، هەر كاتێك مەرجی یاسایی لەو زانكۆیانەدا هەبێت، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دانیان پێدا دەنێت".

محەمەد شاكر وتیشی "لە بەرامبەر دانپێدانیان، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیاری داوە دان بە چوار زانكۆی ئەهلی لە كەركووك و مووسڵ بنێت، چونكە بە هۆی كەمیی دەوام و نەبوونی مەرجی پێویستەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دانی بەو چوار زانكۆیەدا نەدەنا، بەڵام كێشەشە چارەسەر كراوە".
 



PM:08:12:14/09/2019