تره‌مپ بۆچی بۆڵتونی له ‌کار دوورخسته‌وه‌

تره‌مپ بۆچی بۆڵتونی  له ‌کار دوورخسته‌وه‌
مه‌وداپرێس-

تره‌مپ هۆكاری له‌كاردوورخستنه‌وه‌ی جۆن بۆڵتون، راویژكاری كۆشكی سپی بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا ئاشكرا ده‌كات.

له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نوسیدا له‌ كۆشكی سپی، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌ باره‌ی له‌كاردوورخستنی بۆڵتون رایگه‌یاند "جۆن بۆڵتون چه‌ندین هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی كردووه‌، له‌ راستیدا په‌یوه‌ندی من له‌گه‌ڵ ئه‌و زۆر باش بوو، به‌ڵام نه‌یتوانی زمانێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵا و گرنگه‌كانی ئیداره‌كه‌م به‌كاربهێنێت".

تره‌مپ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هه‌ڵوێسته‌كانی بۆڵتون له‌باره‌ی زۆرێك له‌ پرس و بابه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ ئامانج و ئه‌جێندا ده‌ره‌كییه‌كانی ئه‌مریكا نه‌ده‌گونجا".

ئاشکراشی کرد "له‌ هه‌ڵه‌ هه‌ره‌ دیاره‌كانی بۆڵتون كه‌ له‌ ماوه‌ی كاره‌كه‌یدا له‌ ئیداره‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا كردوویه‌تی، پێشنیازی دووباره‌كردنه‌وه‌ی سیناریۆی لیبیا بوو له‌گه‌ڵ كۆریای باكور".

له‌ به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا له‌مباره‌یه‌وه‌ تره‌مپ گوتی: "لێدوانه‌كه‌ی بۆڵتون له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی نموونه‌ی لیبیا له‌گه‌ڵ كیم جۆنگ ئون پێشنیازێكی هۆشیارانه‌ نه‌بوو، سه‌یركه‌ن چی له‌گه‌ڵ موعه‌مه‌ر قه‌زافی، "سه‌ركرده‌ی كۆچكردووی لیبیا" كرا. پێویست نه‌بوو بۆڵتون ئه‌و لێدوانه‌ بدات، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو بووه‌ هۆی ناكۆكییه‌كانی نێوان من و بۆڵتون".

جارێكی دیكه‌ تره‌مپ هه‌ڵوێستی بۆڵتونی له‌باره‌ی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر عێراقیش به‌بیر هێنایه‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "له‌ ساڵی 2003 هه‌ر راوێژكاری پێشووی ئه‌و بوو كه‌ وایكرد هێزه‌كانی ئه‌مریكا بچنه‌ ناو خاكی عیراق".

سه‌باره‌ت به‌ شوێنگره‌وه‌كانی بۆڵتونیش سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاشرایكرد "ئێستا تاوتوێی 5 كاندید بۆ پۆستی راویژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا ده‌كات".

دوێنێ سێشه‌ممه‌ 10ی ئه‌یلولی 2019، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌ بۆڵتونی راگه‌یاندووه‌، كه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی له‌لایه‌ن كۆشكی سپییه‌وه‌ په‌سه‌ند نین و داوای لێكردووه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات، ئه‌مڕۆش بۆڵتون به‌ فه‌رمی ده‌ستی له‌كاركیشایه‌وه‌.


PM:11:35:11/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 1016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌