داعش و هۆکارەکانى سەرهەڵدانی بەردەوامن

داعش و هۆکارەکانى سەرهەڵدانی بەردەوامن
مەوداپرێس ـ 

میدیا و لایەنە سیاسییەکان و هێزە تایبەتە شەڕکەرەکانی دژی گروپی تیرۆرستی داعش، تەئکید دەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە داعش بەردەوامە و ئەو هۆکارانەش کە بوون بە هۆی سەرهەڵدانی هێشتا وەک خۆیان ماون.

سەرۆکی پارتی دیموکراتى کوردستان هاوکات لەگەڵ دەرکەوتن و جوڵەی ناو بەناوی گروپی تیرۆرستی داعش لە ناوچەکانی سوریا و عیراق، تەئکیدی لەوەکردەوە کە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش هێشتا وەک خۆیان ماون. 

بەگوێرەى سەرچاوەکانى هەواڵی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتى کوردستان لەگەڵ برایان مەکفیتێرز جێگری سەرۆکی نێردەی تازەی ئەمریکا لە عێراق گفتوگۆیان کرد و یەکێکیان لە تەوەرەکانى گفتوگۆکەیان باسى گروپی تیرۆرستی داعش بووە.

سەرۆکی پارتی دیموکراتى کوردستان لە قسەکانیدا تەئکیدی لەوەکردوەتەوە کە "ئەو هۆکارانەی کە داعشیان دروست کرد وەک خۆیان ماون". ئەو لێدوانەی بارزانى لەکاتێکدایە، بەرپرسانى باڵای عیراق لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ەوە تەئکید لەسەر کۆتاییهاتنی ئەو گروپە دەکەنەوە لە رووی سەربازییەوە.

بارزانی وتویەتی: ئەگەرچی داعش لەڕووی شەڕی بەرەییەوە شکاوە، بەڵام لەناو نەچوون و خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەن، داعش هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو لایەک، بۆ هەندێ لا هەڕەشەی نزیک و بۆ هەندێکی‌تر هەڕەشەکە دوورمەودایە، ئەو هۆکارانەش کە داعشیان دروست کرد وەک خۆیان ماون و چارەسەر نەکراون.

مەسعود بارزانى سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەگەرچى تەئکیدی لە مانەوەی هۆکارەکانى دروستبوون و سەرهەڵدانی داعش کردووەتەوە، بەڵام هۆکارەکانى باس نەکردووە.

باسکردنی بەردەوامى هۆکارەکانى سەرهەڵدانی داعش لەنێوان بارزانى و ئەمریکا لەکاتێکدایە لە رۆژانى رابردوودا ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانیی نیمچە رەسمی کە لە سەرچاوەکانى هەواڵی عیراقەوە گواستویەتیەوە، ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی هاوپەیمانی فەتح وتبووی: ئەمریکا ڕێگری کردووە لە بەهێزکردنی وەزارەتی بەرگری عیراق، سوپا، هێزی ئاسمانی و بەرگری ئاسمانی عیراق لە ساڵەکانی نێوان ٢٠١٠ تا ٢٠١٣ و ئاکامی ئەو ڕێگریەش هێرشی داعش بوو بۆ سەر عیراق.

ناوبراو زیاتر دەڵێت: دەوڵەتی عێراق ئەبێ خێرا لە گەڵ وڵاتانی ناسراو لە بواری سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕێککەوتن واژۆ بکات تا هەرێمی ئاسمانی عیراق دوور بێت لە دەستێوەردانە بیانییەکان.

هاوکات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاشکرای کردووە کە فڕۆکەی شەڕکەری جۆرەکانى ئێف١٥ و ئێف٣٥ی سەر بە هاوپەیمانی بەسەرپەرشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆردومانی دوورگەی کەنعوسی لە پارێزگاى سەڵاحەدین کردووە کە داعشی تێدایە و دوورگەکەشى بە بۆگەنکردوو وەسف کردووە. 

پەیامنێری رادیۆ سەوا دەڵێت: دوورگەی کەنعوس ئەگەرچى حەشدی عەشایری دەستی بەسەرداگرتووە، بەڵام داعشی تێدایە و لەرووی جوگرافیی و چڕی درەختەکانەوە پەناگەیە بۆ داعش و بەئاسانی دەستی سوپای عیراق و هێزە لەناوبەرەکانى داعش پێی ناگات و شوێنێکی ستراتیژییشە و رێگا سەرەکییەکانى پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، سەڵاحەدین، ئەنبار و نەینەوا پێکەوە دەبەستێتەوە. 

هەر سەبارەت بە بەردەوامى داعش و جوڵەی سنوربڕی ئەو گروپە، سوپای ئەسیوپی بڵاویکردەوە، کە چەند ئەندامێکی داعش لە وڵاتەکەیاندا دەستگیرکردووە کە توانیویانە چەندین کەس لە سەرانسەر ئەسیوپیا بە سەرباز بکەن. 

رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکیش ئاماژەی بەوەکردووە کە گروپی تیرۆرستی داعش جارێکی تر لە جوگرافیای خۆرئاواى کوردستان سەرهەڵدەدەنەوە، دواى ئەوەی لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە لەناوبران. 


 


PM:07:20:11/09/2019