ناوه‌ڕۆکی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان

ناوه‌ڕۆکی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان
مه‌وداپرێس-

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئه‌یلولی 2019 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی وێبسایتی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردۆته‌وه‌، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدراڵ و ئەندامانی لیژنەی دارایی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کە رۆژی 8 ی ئەیلول لە هەولێر بەسترا خستەڕوو.

هه‌روه‌ها، لە کۆبوونەوەکەی ئه‌مڕۆ بڕیار درا، هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕکردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بودجە و بەشداری هەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتای ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی 2020 لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ.

بڕیاریشدراوه‌، لیژنەکانی "دارایی، نەوت وگاز، یاسایی" لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بانگهێشتی هەرێمی کوردستان بکرێن.

به‌ پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، رۆژی پێنجشەممە 12ی ئه‌یلولی 2019 شاندێکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ خستنەڕووی داتا و زانیاریی پێویست لە بارەی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پلاندانان راپۆرتێکی سەبارەت بە پڕۆژەی سەرژمێری لە عیراق پێشکەش کرد کە بڕیارە ساڵی 2020 ئەنجام بدرێت.

وەزیری پلاندانان، تیشکی خستە سەر لایەنەکانی ئەم پڕۆژەیە و ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە بڕیاردرا لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێرێت بۆ هەلسەنگاندنی پڕۆژەی سەرژمێرییەکە بەرەچاوکردنی بەرژەوەندی کوردستانییان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانەوە.

لە کۆتاییدا، کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لە بارەی میکانیزمی نوێ بۆ رێکخستنەوەی باج کرد بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت.

لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەی پەیڕەوی تایبەت بە تیانووسی بازرگانی (الدفاتر التجاریە)ی پەسەند کرد کە میکانیزمی نوێ بۆ رێکخستنەوەی باج لە خۆدەگرێت.



PM:04:10:11/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌