حكومەتی هەرێم داوا دەكات ، بەغدا پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران هەرێم بداتەوە

حكومەتی هەرێم داوا دەكات ، بەغدا پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران  هەرێم بداتەوە
مەوداپرێس-


حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت 24 ملیار دۆلاری پارەی قەرزی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و قەرزی تری كۆمپانیاكان بخاتە ئەستۆی حكومەتی ناوەندی، له ‌كاتێكد بەغدا دەیەوێت تەواوی دۆسیەی نەوتی هەرێم بخاتەوە ژێر دەستی خۆی و بۆ ئەوەش هەنگاوی ناوە.

لەسەر پشكی كورد و دۆسیەی نەوت سەرەتای ئەم هەفتەیە مەسر و بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەشێك لە نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق بەبێ‌ ئامادەبوونی بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی بە پاساوی جیاواز، كۆبووەوە.

رۆژنامەی ئاژانس لەژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویكردۆتەوە "كۆبوونەوەكە دابەش ببوو‌ بەسەر سێ‌ تەوەرەدا، لە سەرەتادا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغدا و شایستە داراییەكان كە بەغدا بە هەرێمی نەداوە بە داتا خستووەتە بەردەست بەشداربووانی كۆبوونەوەكە.

حكومەتی هەرێم نیازی دڵی و جۆری ئەو ڕێككەوتنەی له ‌بەغدای دەوێت بۆ نوێنەرە كوردەكانی دركاندووە، بەڵام بە هۆی زۆریی كەڵەكەبوونی كێشەكانی هەرێم و بەغدا  نوێنەرە كوردەكان سەختیی ڕێككەوتنیان لەبەر چاوە، بە ‌تایبەت ئێستا هەرێم كە دەیەوێت قەرزی 24 ملیار دۆلار بخاتە ملی بەغدا، كە مووچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەرانیشی تێدایە، بەغداش داوای ڕادەستكردنی كۆی مەلەفی نەوت یان هیچ نەبێت 250 هەزرا بەرمیل نەوت لە هەرێم دەكات.

سەلیم شوشكەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵ و یەكێك لە بەشدارانی كۆبوونەوەكە بەرۆژنامەی ناوبراوی راگەیاندووە  "سەرەتای كۆبوونەوەكە داوامان لە ‌سەرۆكی حكومەت كرد كە باسی ئەوەمان بۆ بكات لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەغدا بە ‌كوێ‌ گەیشتوون، لە ‌كوێ‌ خاڵی هاوبەش هەیە و لە ‌كوێ‌ گەیشتوونەتە خاڵی بنەبست، بەڵام ئامادە نەبوو ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانمان بە وردی بۆ باس بكات.״

ماوەیەكە بەشێك لە ئەندامانی كورد لە ‌پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەكەن كە ئەستەمە وەك ساڵی ڕابردوو لە بودجەدا بڕگەی (ج) ماددەی 10، كە تایبەتە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕەشنووسی بودجەی 2020 جێگا بكەنەوە، پەرلەمانتارە كوردەكان لە كۆبوونەوەكەیاندا ئەوەیان بە سەرۆكی حكومەت وتووە و هۆشدارییان لەو بارەوە پێ داوە.

״سەرۆكی حكومەت  پێی ڕاگەیاندین كە ئامادەییان نیشان داوە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بكەین، بەڵام ئەو 250 هەزار بەرمیلە 24 ملیار دۆلار قەرزی هەیە و كۆمەڵێك پابەندبوونی یاساییمان كەوتووەتە سەر، داوامان كردووە بەغدا ئەو پارە قەرزە بگرنە ئەستۆی خۆیان تا ئێمەش نەوتەكە ڕادەستیان بكەین، بۆیە ئەمە سەختە و ئەوەی من لە كۆی كۆبوونەوەكەدا خوێندمەوە ئەستەمە لە ئەمساڵدا بتوانن كۆی كێشەكانیان لەگەڵ بەغدا بە تەواوەتی یەكلایی بكەنەوە، چونكە كاتی كەم ماوە و گفتوگۆكانیش سەختن و درێژە دەكێشن״، سەلیم شوشكەیی وای وت.

بە وتەی ئەندامە كوردەكانی پەرلەمانی عێراق كە بەشدار بوون لە كۆبوونەوەكە، حكومەتی هەرێم ڕێگاكانی تری تاقی كردووەتەوە هیچ ڕێگایەكی تری لەبەر دەست نەماوە و زۆر مەبەستیانە لەگەڵ بەغدا ڕێك بكەون، بۆیە به ‌كۆمەڵێك داواكاری و مەلەفێكی گەورەوە كەوتووەتە گفتوگۆی جددی لەگەڵ بەغدا، لە ناویاندا دەیەوێ‌ لە ڕێگەی پابەندكردنی بەغدا بە دانەوەی بڕی 24 ملیار دۆلار قەرز، كە مووچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەرانی هەرێمی تێدایە بخاتە ملی بەغدا.

بەهار مەحمود، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و بەشداربوویەكی كۆبوونەوەكە لەو بارەیەوە بە ״ئاژانس״ی ووتوە ״حكومەتی هەرێم پێی وایە كە بەغدا قەرزاری حكومەتی هەرێمە، چونكە گوایە ئەو بودجەیەی كە لە ساڵی 2014 تا 2018 بەغدا له ‌هەرێمی بڕیوە بڕەكەی دەكاتە 24 ملیار دۆلار وەك قەرز كەوتووەتە سەر شانی هەرێم دەبێت بەغدا بیداتەوە، كە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشی تێدایە، بەڵام تێگەیشتنی بەغدا لەم ڕووەوە جیاوازە.״

زانیارییەكانی رۆژنامەكە  باس لەوە دەكەن كە عێراق تەسلیمبوونی هەرێمی دەوێت لە مەلەفی نەوت و دەیەوێ‌ كۆی مەلەفی نەوت لە هەرێم وەربگرێتەوە و خۆی مامەڵەی پێوە بكات، بە تایبەت گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت و له ‌ناویاندا كۆمپانیا توركییەكان.

سەلیم شوشكەیی ئەوەی بۆ ״ئاژانس״ پشتڕاست كردەوە كە بەڵێ‌ بەغدا دەیەوێ‌ تەواوی مەلەفی نەوت له ‌دەستی هەرێم وەربگرێتەوە و خۆی مامەڵەی پێوە بكات.

لە كۆبوونەوەكەدا حكومەتی هەرێم خۆی بە غەدرلێكراو زانیوە بەوەی كە كۆمەڵێ‌ شایستەی دارایی هەیە لە عێراق بە هەرێم نادرێت. سەلیم شوشكەیی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت پێی ڕاگەیاندین، كە عێراق ساڵانە قەرز لە وڵاتان دەكات و هەرێم پشكی هەیە لەو قەرزە، بەڵام پێی نادرێت، حكومەتی عێراق پێشینەی خانووبەرە دەدات بە هاووڵاتییەكانی، بەڵام هەرێم لێی بێبەشە.״

كۆبوونەوەكە زیاتر ڕاوێژكاری بووە و لە پاشكۆدا چەند ڕاسپاردەیەك قسەی لە بارەوە كراوە، یەكێك لەوانە نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغدا له ‌ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكەوە كارا دەكرێتەوە، لەسەر داوای پەرلەمانتارە كوردەكانیش بڕیار دراوە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم بە ‌شێوەی دەوری بەردەوام بێت هەر 3 مانگ جارێك یان لە حاڵەتی پێویستدا.



AM:11:17:11/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 2352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌