سه‌ر به‌گرووپی بازه‌كان بوو
جۆن بۆڵتن كۆشكی سپی به‌جێهێشت

سه‌ر به‌گرووپی بازه‌كان بوو<br>
جۆن بۆڵتن كۆشكی سپی به‌جێهێشت
مه‌وداپرێس ـ 

وه‌كو هه‌میشه‌، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ رێگه‌ی لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆیه‌وه‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، هه‌واڵی رۆیشتنی جۆن بۆڵتن راوێژكاری سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا، بڵاوكرده‌وه‌. 

بۆڵتن، ناوی ته‌واوی جۆن رۆبه‌رت بۆڵتن پارێزه‌ر و دبلۆماتكاری ئه‌مریكییه‌، له‌چه‌ندین ئیداره‌ی سه‌رۆكی جیاوازی ئه‌مریكادا خزمه‌تی كردووه‌. له‌ ساڵی‌ 2018ه‌وه‌ راوێژكاری تره‌مپه‌. 

دوێنێ سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌واڵ به‌ ئاماژه‌كردن به‌ كه‌یسه‌كانی‌ ئه‌مریكا و ئێران و ئیسرائیل و دووباره‌ هه‌وڵی تره‌مپ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی، بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ كاتی ئه‌وه‌یه‌ بۆڵتن كۆشكی سپی به‌جێبهێڵێت.

سه‌رۆكی ئه‌مریكا دوای‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی له‌ تویته‌ر و راگه‌یاندنی دوورخستنه‌وه‌ی بۆڵتن، ته‌ئكیدی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو راوێژكاری نوێ داده‌مه‌زرێنێت. 

تره‌مپ له‌ تویته‌كه‌یدا وتبووی: من چیتر پێویستم به‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا نییه‌.

هه‌ندێك له‌سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌واڵ رۆیشتنی بۆڵتنیان به‌ رۆیشتنی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی گروپی بازه‌كان وه‌سف كردووه‌ كه‌ مه‌به‌ست له‌ بازه‌كان، ئه‌وه‌یه‌ گروپێكن له‌ سیاسه‌تمه‌دار و دبلۆماتكارانی ئه‌مریكا نزیك له‌ كۆماریخوازه‌كان كه‌ لایه‌نگری شه‌ڕن به‌تایبه‌ت بۆ لابردنی ده‌سه‌ڵاتی ئێران.

له‌ رۆژانی رابردوودا و له‌ گفتوگۆكانی نێوان ئه‌مریكا و بزووتنه‌وه‌ی تاڵیباندا بۆڵتن ئاماده‌نه‌بوو، ئه‌وه‌ش لای چاودێران سه‌رنجڕاكێش بوو رایانگه‌یاندوه‌ كه‌ ئاماده‌نه‌بوونی بۆڵتن له‌و كۆبونه‌وانه‌دا به‌ رێكه‌وت نه‌بووه‌.

بۆڵتن له‌ لێدوانه‌كانی ساڵانی رابردووشیدا پێیوابووه‌ كه‌ وڵاتانی وه‌ك ئێران، سووریا، لیبیا، کوبا، کۆریای باکوور و عیراق سه‌رچاوه‌ی هاوكاریكردنی تیرۆرن.

فه‌هد دیباجی چاودێری سیاسی سعودی له‌تویته‌ر نوسی: دوورخستنه‌وه‌ی بۆڵتن ئاماژه‌یه‌ بۆ سیاسه‌تی نوێی ئیداره‌ی‌ تره‌مپ به‌رامبه‌ر به‌ ئێران و به‌ره‌ی شه‌ڕ به‌ سه‌ركه‌وتنی خۆیانی ده‌زانن.

بۆڵتن له‌یه‌كه‌م وه‌ڵامدانه‌وه‌دا له‌ رێگه‌ی تویته‌ره‌وه‌ ته‌ئكیدی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ شه‌وی رابردوودا بڕیاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی داوه‌ و تره‌مپ وتویه‌تی سبه‌ینێ قسه‌ی له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌ین. 

بۆڵتن له‌ رۆژانی رابردوودا وتی: ئاژانسی‌ نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم ئاگاداره‌ به‌وه‌ی كه‌ ئێران كه‌ره‌سته‌ی ئه‌تۆمی له‌كوێدا حه‌شار داوه‌.

دوای‌ لێدوانه‌كه‌ی بۆڵتن، نێرده‌ی ئێران له‌ ئاژانسی‌ وزه‌ی ئه‌تۆم وه‌ڵامی بۆڵتنی دایه‌وه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ ئاژانس سه‌ر به‌ ئه‌مریكا نییه‌ تا بۆڵتن سه‌ردانی به‌رپرسه‌كانی‌ بۆ ئێران دیاری بكات، هه‌روه‌ها وتی: ئێران هیچ چالاكیه‌كی ئه‌تۆمیی نهێنیی نییه‌. 

پێشتر تره‌مپ به‌هۆی سمێڵیه‌وه‌، بۆڵتنی له‌چه‌ند پۆستێك بێبه‌ش كرد و رێگه‌ی نه‌دا وه‌زاره‌ت وه‌ربگرێت یان له‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان كار بكات، بۆیه‌ هه‌ندێك له‌سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌واڵ نوسیان: لای‌ تره‌مپ رووخسار پێش ناوه‌ڕۆك ده‌كه‌وێت.


PM:09:02:10/09/2019