ئایا ده‌والی گوون چاره‌سه‌ری هه‌یه‌

ئایا ده‌والی گوون چاره‌سه‌ری هه‌یه‌
مەوداپرێس-سازگار ئەحمەد

دەوالی گوون یەکێکە لەو کێشە تەندروستیانەی کە رووبەڕووی پیاوان دەبێتەوە، ئەمەش زۆر کات کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر گوونەکان.

دکتۆر کاوە فقێ رەحیم، پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و کۆئەندامی میزومیزەڕۆ و نەزۆکی پیاوان بۆ مەوداپرێس دەدوێت باس لە دەوالی گوون دەکات ئاماژە بە هۆکار و کاریگەری و چارەسەرەکانی دەوالی گوون دەکات.

دکتۆر کاوە سەبارەت بە دەوالی گوون وتی: دەوالی واتە گەورەبوون وفراوان بوونی ئەوبۆری خوێن هێنەرانەی کەدەوری گوونی داوە، لە ۱٠ـ۱٥٪ کوڕی گەنج واتە تازە پێگەیشتوان دەوالی گوونیان هەیە بە تایبەت لای چەپ، دەوالی ئەکرێ تووشی یەک گوون یان هەردوو گوون ببێت. 

هۆکاری تووش بوون بە دەوالی گوون..

۱ـ هۆکاری بۆماوەیی، واتە نەخۆشەکە هەرلە زگماکیەوە کێشەی هەیە لە بۆری خوێنهێنەری گوونیداو ئەوپەردەی کە ناهێڵێت خوێنبگەڕێتەوە بۆ گوون نیەتی. ئەمەش دەبێتە هۆی دەوالی.

۲ـ هۆکاری زیادبوونی پاڵەپەستۆ و فشار لە ناوسکی نەخۆشدا وا دەکات کە خوێن بگەڕێتەوە بۆ گوون و پەردەی بەربەست ناهێڵێت وەک ئەوکەسانەی کە ڕۆژانە چەند کاتژمێرێکی زۆر بەپێوە دەوەستن بۆ نمونە سەرتاشەکان.

۳ـ شێرپەنجەی گورچیلە یان ریخۆڵە یان لیمفەگرێکان کە ببێتە هۆی گیرانی خوێن هێنەری گوون.

کاریگەری دەوالی بۆ سەر گوون..

۱-لەوانەیە کاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر گوون و ببێتە هۆی نەزۆکی لەپیاواندا، لە ۲٥٪ ئەو پیاوانەی کەتووشی نەزۆکی بوون دەوالی گوونیان هەیە.

۲-لەوانەیە ببێتە هۆی پووکانەوەی گوونەکان و کەم کردنەوە یان نەمانی هۆرمۆنی نێرینە (testosterone ).

۳-جاری وا هەیە ئەگەر زۆر گەورەبێت دەبێتە هۆی ئازار لە گووندا.

٤-کە زۆر گەورەبێت لەوانەیە ناشیرین بێت و نەخۆش پێی سەغڵەت ببێت.

چارەسەرەکانی دەوالی گوون..

زۆر جار پێویست بە چارەسەر ناکات، ئەگەر کاریگەری نەرێنی نەکردبێتە سەرگوونەکە، چارەسەری دەوالی گوون نەشتەرگەریە وە چەند جۆرێکی هەیە‌ ئەوانیش:

۱ـ نەشتەرگەری کردنەوە واتە (فتح).
۲ـ نەشتەرگەری بە ناڤور.
۳ـ نەشتەرگەری ووردبینی واتە ( microsurgery ).
٤ـ قسطرەی بۆری خوێن هێنەری گوون.


PM:11:26:04/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 12444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌