ئەردۆغان هانا بۆ پۆتین دەبات

ئەردۆغان هانا بۆ پۆتین دەبات
مەوداپرێس- داهۆ سالم

سەربازانی ڕژێمی ئەسەد لە مەودای وێنەی سێڵفی دا، سەربازە توركەكانیان لە خاڵی چاودێری مۆرێك دا گەمارۆداوە.

دووای ئەوەی ڕژێمی سوریا بە هاوكاری هێزی ئاسمانی ڕوسیا، لە هێرشەكانی بۆسەر پارێزگای ئیدلیب پێشڕەوی بەرچاوی بەدەست هێنا و ڕۆژی پێنج شەمە شارۆچكەی سیتراتیژی "خان شەیخون" یان لە دەستی چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆن دەرهێنا.

ڕۆژی هەینی، كاتێك سەربازانی سوریا گەمارۆی خاڵێكی چاودێری سەربازە توركەكانیان دا لە پارێزگای ئیدلیبی سوریا لە باشووری خان شەیخون،  هێزەكانی توركیا و حكومەتی ئەسەد هاتنە مەودای بەرد هاویشتنە یەكتر و لە ئێستادا ئەو پێگە سەربازییەی سەربازە توركەكان بە قوڵای 10 كیلۆمەتر لە پشت هێڵی بەرگری هێزەكانی حكومەتی دیمەشقەوە گەمارۆدراون.

هەربۆیە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لە پەیوەندییەكی لەناكاودا بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ ڤلادمیر پۆتینی سەرۆكی ڕوسیادا دەكات و بەنیازیشە ڕۆژی سێ شەمە بگاتە كۆشكی كرملین بۆ تاوتوێكردنی ڕەوشی سوریا و بۆ هەمان مەبەستیش قسە لەگەڵ دۆناڵد ترامپ بكات.

ئەو خاڵە سەربازییە توركیانە ساڵی پار بەپێی ڕێكەوتنێك لە نێوان ڕوسیا و توركیادا دانران لە پارێزگای ئیدلیبی باكوری خۆرئاوای سوریا كە لەژێر كۆنترۆڵی گروپە ئۆپۆزیسیۆنەكانی سوریا دایە كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانییان لێدەكرێت، لە چوارچێوەی ناوچەی كەمكردنەوەی گرژی. بەڵام هێزەكانی سوریا تاكلایەنە و بەبێ گوێدانە ڕێكەوتنەكە و بە بەرچاوی هێزەكانی توركیاوە ئۆپۆزیسیۆنیان ڕاماڵی.



AM:09:19:24/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 1400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌