یەكێتی دەیەوێت كۆنگرە ببەستێت و بڕیاری پێ نادرێت

یەكێتی دەیەوێت كۆنگرە ببەستێت و بڕیاری پێ نادرێت
مەوداپرێس- خەڵەف غەفور

10 ساڵ بەسەر كۆنگرەی سێیەمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا تێپەڕ بووە و تاكو ئێستا ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە نەیتوانیوە بڕیار لەسەر دیاریكردنی رۆژی كۆنگرەی چوارەمی بدات، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی پەیڕەو وپرۆگرامی یەكێتی دوای چوار ساڵ و بەستنی پلینیۆمێك هیچ ئۆرگانێكی حزبەكە شەرعیەتی نامێنێت. 

رۆژی 1-6-2010 بەئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆنگرەی سێیەمی ئەو حزبە لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تیایدا سەركردایەتییەكی نوێ بۆ یەكێتی هەڵبژێردرا، هەروەكو جەلال تاڵەبانی بۆ سكرتێری گشتی یەكێتی هەڵبژێردرایەوە، لە كۆنگرەكەشدا بڕیاری ئەوە درا كۆنگرەی چوارەم دەبێت بە بەشداری 1000 ئەندامی كۆنگرە ببەسترێت.

كۆنگرە نەكرایەوە و ململانێكان گەورەتر بوون
10 ساڵ تێپەڕی بەسەر كۆنگرەی سێیەمدا هێشتا سەركردایەتی یەكێتی نەیتوانیوە بڕیار لە بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بدات، بەقسەی زوبێر عوسمان، جێگری یەكەمی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە تایبەت بۆ مەوداپرێس كردوویەتی دەڵێت "بڕیارە لەم رۆژانەدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە شاری هەولێر كۆببنەوە و لەسەر ئەوە رێكبكەون ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ تاوتوێكردنی بەستنی كۆنگرە و دیاریكردنی رۆژەكەی بكەن كۆبوونەوەیەك بكەن".

نەرمین عوسمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بە مەوداپرێسی وت "بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی زۆر پێویستە و كاتی زۆریشی بەسەردا تێپەڕیوە، دەبێت ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆببێتەوە و  بڕیار لە بەستنی كۆنگرەی چوارەم بدات".

تەوافوقی پێش كۆنگرە یان كۆنگرەی تەوافوقی؟
دەنگۆكان وا بڵاون كوتلەكانی نێو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان جیاوازیی زۆریان هەیە لەسەر بڕیاردان لەسەر كاتی بەستن و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی. بۆچوونێك هەیە پێی باشە پێش كۆنگرە تەوافوق لەسەر هەڵبژاردنەوەی هەندێك لە سەركردەكانی ئێستای سەركردایەتی بكرێتەوە، بۆچوونی دیكەیش هەیە و لەگەڵ ئەوەدایە تەوافوق لەسەر دیاریكردنی رۆژی بەستنی كۆنگرە هەبێت، بەڵام تەوافوقی هەڵبژاردنەوەی هەندێك لە سەركردەكان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كۆنگرە رەتدەكاتەوە.

نەرمین عوسمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كە هاوكات یەكێكە لەو سەركردانەش سوورە لەسەر پێویستی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەی بە مەوداپرێسی وت "تەوافوق بۆ بەستنی كۆنگرە پێویست و زۆریش گرنگە، بەڵام هەر جۆرە تەوافوقێكی تر بۆ كارەكانی نێو كۆنگرە و رێككەوتن لەسەر هەڵبژارنەوەی كەسەكان باش نییە و زیانی بۆ دیموكراسیەتی كۆنگرەكە دەبێت".

زوبێر عوسمان، جێگری یەكەمی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی قسەی بۆ مەوداپرێس كرد و روونیكردەوە "ئەركی هەموو لایەكە پێكەوە رۆژی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی دیاری بكەین، بۆ ئەوە كۆدەنگی باشە، بەڵام هەر جۆرە تەوافوقێكی دیكە بۆ نێو كۆنگرە رەتدەكەینەوە".

هەروەك ئاماژەی بەوەشكرد "پێویستە كۆنگرەیەكی نموونەیی ببەستین و لیست و لیستكاری رەتدەكەینەوە و  بۆ ناوبانگی یەكێتی باش نییە".

لە هەولێر كۆبوونەوە هەیە
بەپێی زانیارییەكانی مەوداپرێس كە لە سەرچاوەی تایبەت و ئاگادارەوە دەستیكەوتووە بڕیارە لە چەند كۆبوونەوەیەكی یەك لەدوای یەكدا، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە شاری هەولێر كۆببێتەوە و ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەی بكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بەستنی كۆنگرەی یەكێتی.

لەبارەی رۆڵی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتییەوە زوبێر عوسمان وتی "ئێمە راپۆرت و پەیڕەو وپرۆگراممان ئامادەكردووە و كۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە و دەمانەوێ كۆدەنگی لەسەر دیاریكردنی رۆژی بەستنی كۆنگرە دروستبكەین".

وتیشی "باشترە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆببێتەوە و پێكەوە بڕیارە لەسەر دیاریكردنی رۆژی كۆنگرە بدەین".

زوبێر عوسمان ئەوەشی وت كە مادام كۆنگرەكە نائاساییە "ئەوا ئەنجومەنی سەركردایەتی بەدەنگی سێ لەسەر چواری ئەندامەكانی دەتوانێت رۆژی بەستی كۆنگرە دیاریبكات".

سەبارەت بە بوونی ناكۆكی لەسەر دیاریكردنی رۆژی كۆنگرەی یەكێتی، زوبێر عوسمان ئاماژەی بەوەكرد "دەمانەوێت ناكۆكی و جیاوازییەكان نەهێڵین و پێكەوە كۆنگرەیەكی سەركەوتوو ببەستین".

بافڵ تاڵەبانی دژی تەوافوقی پێشوەختە
بەپێی زانیارییەكانی مەوداپرێس كە لەسەرچاوەی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، بافڵ تاڵەبانی دژی تەوافوقی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەوەی چەند كەسێكی دیار لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی. سەرچاوەكەی مەوداپرێس ئاماژە بەوەشدەكات "بافڵ تاڵەبانی تەوافوقی پێشوەخت بۆ هەڵبژاردنەوەی هەندێك كەس بەدژی دیموكراسی و پرەنسیپە حزبی و دیموكراسییەكان دەزانێت و رای وایە ئەوە مافی ئەندامانی كۆنگرەیە كە بیانەوێ كێ هەڵبژێرن و كێی دیكەیش هەڵنەبژێرنەوە".

لەلایەكی دیكەوە مەوداپرێس زانیویەتی هەوڵی جدی هەیە بۆ دروستكردنی كۆدەنگی لەسەر دیاریكردنی بەستنی كۆنگرە، ئەوەش پەیوەستە بە بەڵینی سەركردایەتی ئەو حزبە لەسەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی كوردستان كە لەبەردەم جەماوەریی یەكێتیدا بەڵینی ئەوەیان دابوو كەوا كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەیان دەبەستن و "سەركردایەتییەكی نوێ و شایستە بۆ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان هەڵدەبژێرن".






PM:05:33:22/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 5156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌