"لە توركیا كودەتای سپی روویدا"

مەوداپرێس-

لەسەر پرسی  دوورخستنەوەی سەرۆكی شارەوانییەكانی دیاربەكر و مێردین و وان، هاوسەرۆكی هەدەپە رایدەگەیەنێت، لە توركیا كودەتای سپی روویدا و دژی ئەو بڕیارە دەوەستنەوە.

سەزای تەمەللی هاوسەركی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند  "دژی بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆكی شارەوانییەكان دەوەستینەوە و  ئەو بڕیارە بڕیارێكی نایاساییەو ئەمەی ڕوویداوە   كودەتای سپییە".

تەمەللی ئاماژەی بەوەشكرد  "دەسەڵاتی توركیا ناتوانێت وڵات بەڕێوەببا و ئەگەر  توركیا  كێشەی كورد چارەسەر نەكات، ناتوانێ كێشەكانی دیكەی چارەسەر بكات". 
هاوسەرۆكی هەدەپە وتیشی  "داوا لە دیموكراتخوازانی توركیا دەكەین لەسەر ئەو پێشێلكاریانە بێنە دەنگ، دەبێ رێز لە دەنگی خەڵك و سندووقەكانی هەڵبژاردن بگیرێت، بەم كارانە توركیا لە دیموكراسی دوور دەكەوێتەوە. ئێمە دەست لە سیاسەتی خۆمان هەڵناگرین و بەردەوام دەبین لە تێكۆشان بۆ چەسپاندنی دیموكراسی لە توركیا".

ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا، بیانووی ئەندامێتییان لە پەكەكە و بانگەشەكردن بۆ تیرۆر و بوونی چەند دۆسیەیەكی لێپرسینەوە، هەر یەك لە عەدنان سەلجوق میزراقلی، سەرۆكی شارەوانی دیاربەكر، ئەحمەد تورك، سەرۆكی شارەوانی مێردین، بەدیعە ئۆزگوگچە ئەرتان، سەرۆكی شارەوانی وان- لە كارەكانیان دوورخرانەوە، پارێزگاری ئەو سێ شارەش لە شوێنیان وەك قەیوم دەستبەكار بوون



PM:02:25:19/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌