لاهور شێخ جه‌نگی: قبووڵی ناكەین چوار ساڵی داهاتوو وەكو چوار ساڵی رابردوو زۆنی سەوز پشتگوێ بخرێت

لاهور شێخ جه‌نگی: قبووڵی ناكەین چوار ساڵی داهاتوو وەكو چوار ساڵی رابردوو زۆنی سەوز پشتگوێ بخرێت
مه‌وداپرێس-

لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی «ئاژانس»دا جەخت لەوە دەكاتەوە كە سەرجەم كاندیدەكانی یه‌کێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ كابینەی نوێی حكومەت بە كاندیدی خۆی دەزانێت و ئاشكراشی دەكات كە ماوەی ساڵێكیان داناوە بۆ چاودێریكردنی نوێنەرانی یه‌کێتیی لە حكومەت و ئەگەر ئەدایان باش نەبێت لا دەبرێن و دەشڵێت "قبووڵی ناكەین چوار ساڵی داهاتوو وەكو چوار ساڵی ڕابردوو، زۆنی سەوز پشتگوێ بخرێت، دەبێت هەوڵ بدەین لەم ساڵانەی ئاییندەدا ئەو غەدرانەی ڕابردوو لا ببرێن و ڕاست بكرێنەوە".

لاهور شێخ جەنگی لە چاوپێكەوتنێكی "ئاژانس"دا باس لە بارودۆخی ناوخۆی یه‌کێتیی دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەنجامدانی كۆنگرەی یه‌کێتیی حەتمییە و بۆ "تەسفیەی حسابات نییە" و دەبێت لە شەش مانگی ئاییندەدا ئەنجام بدرێت و دەشڵێت "نە باڵم هەبووە نە باوەڕیشم بە باڵباڵێن هەیە".

ئاژانس: سەرەتا لەوەوە دەست پێ دەكەین، كە هەندێك تێكدانی ڕەوشی كەركوك لە ساڵی 2017 بە هەوڵ بۆ لێدان لە پێگەی یه‌کێتیی لەو شارە ناو دەبەن، ماوەیەكی زۆر و هەوڵێكی زۆری ویست تا جارێكی تر یه‌کێتیی بتوانێت پارێزگارێكی كوردی یه‌کێتیی بۆ كەركوك دابنێتەوە. جەنابیشت یەكێك بوویت لە بەرگریكارانی كوردستانیبوونی كەركوك و دانانی پارێزگارێكی یه‌کێتیی بۆ ئەو شارە. ئایا ئێستا پارێزگارێكی كورد و یه‌کێتیی بۆ كەركوك دادەنرێت؟

لاهور شێخ جەنگی: پێم وایە مەسەلەی دانانی پارێزگار، هەروەكو ئەوەی لەگەڵ برادەرانی پارتی لەسەری ڕێككەوتووین لە سەرەتای ڕێككەوتنەكانمان، لەم یەك دوو ڕۆژه‌ی داهاتوو ئەو كاندیدەی هەردوولامان لەسەری ڕێككەوتووین، بە ڕەسمی دەناسێنرێت و هەنگاوەكان بۆ دانانی ئەو پارێزگارە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئاژانس: دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك، چی دەگۆڕێت لە دۆخی شارەكە؟

لاهور شێخ جەنگی: بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی كە پارێزگارێكی كورد ناتوانێت هیچ گۆڕانكاری بهێنێتە كایەوە، بە دڵنیاییەوە من پێم وایە دەتوانێت بەشێكی بەرچاوی كێشەكان چارەسەر بكات، زەمانەتێكە بۆ میللەتەكەمان لە كەركوك كە ئەگەر پارێزگارێكی كورد هەبێت، لانیكەم ئەو تەعریب و ئەو كارانەی كە ئێستا دژی ناوچە كوردستانییەكانی سنووری پارێزگای كەركوك دەكرێت لە ڕێی ئەو پارێزگارەوە دەتوانرێت بووەستێنرێت. بە دڵنیاییشەوە، بە بوونی پارێزگارێكی كورد لە كەركوك، پێم وایە دووبارە هەماهەنگیی ئەمنیی باشتر لە نێوان دامودەزگاكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو دامودەزگایانەی لە كەركوك هەن، وەكو پێش 2014 دەتوانین هەماهەنگییەكی باشترمان هەبێت و متمانەیەكی زیاترمان هەبێت بە یەكتر بۆ ئەوەی بتوانین ئارامی و ئاسایشی كەركوك باشتر بپارێزین. بۆیە دانانی پارێزگارێكی كورد لە كەركوك بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندیی كوردە و لە بەرژەوەندیی نەتەوەكانی تریشە، چونكە ئەو كاتە ئارامبوونەوەیەك بە دۆخی گشتییەوە دەبینرێت و پێم وایە ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی پێشتر هەبووە لە نێوان لایەنەكان بەرەو كەمبوون دەڕوات.
ئاژانس: پڕۆژەیەك هەیە بۆ پووچەڵكردنەوەی تەعریب؟

لاهور شێخ جەنگی: بە دڵنیاییەوە بوونی پارێزگارێكی كورد دەتوانێت كۆسپێكی گەورە بێت لە بەردەم هەركەس و لایەنێك كە بیەوێت تەعریب بكات لە كەركوك.

ئاژانس: ئەی بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش بۆ كەركوك هیچ گفتوگۆیەك هەیە لەگەڵ بەغدا؟

لاهور شێخ جەنگی: پێم وایە دەبێت ڕاستگۆ بین لەگەڵ خۆمان. لە ماوەی ڕابردوو بۆ موزایەدەكردن دژی یەكتر، دەمانبینی هەندێك لە پارتە كوردییەكان داوای ئەوەیان دەكرد تا ئەو كاتەی هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناو كەركوك، هیچ جۆرە ڕێككەوتنێك ناكەن و زۆر قسەی لەم بابەتانەمان بیست. بەڵام ئەگەر ئێمە ڕاستگۆ بین لەگەڵ خۆمان، دەبێت بگەڕێینەوە قۆناغی پێش پەلاماری داعش و 2014، پێش 2014 دۆخەكە چۆن بوو، دۆخەكە وای لێ دێتەوە. پێش ئەو كاتە، هێزی پێشمەرگە لەناو شاری كەركوك بوونی نەبووە. ڕاستە ئاسایش بە ڕێككەوتن لەگەڵ پارێزگار چەند بنكەیەكیان هەبووە لەناو شار، بەڵام پێشمەرگە لە دەرەوەی شاری كەركوك بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمه‌ریكییەكان و حكومەتی عێراق ئەركی پارێزگاریكردنیان لە چواردەوری شاری كەركوك پێ سپێردرابوو. بەڵام جیاوازییەكە لەو كاتەدا ئەوە بوو كە دۆسیه‌ی ئەمنیی شاری كەركوك بە دەستی پۆلیسی محەلی بوو. كە ئەو كاتە تەنسیقی باشی هەبوو لەگەڵ دەزگای ئاسایش و دامودەزگا ئەمنییەكانی تری هەرێمی كوردستان. ئەوە وای كردووه‌ كە بوونی دامودەزگا ئەمنییەكان و چالاكیمان زیاتر بێت لەناو شاری كەركوك. وا دەردەكەوت كە ئێمە لەوێ بووین. بەڵام ئەگەر بە پێی دەستوور بێت دەبێت بگەڕێینەوە پێش 2014، پێش ئەوەی داعش بێت و هێزە عێراقییەكان كەركوك جێ بهێڵن. لەو كاتەدا پێشمەرگە هاتە ناو شاری كەركوك.

ئاژانس: پێتان وایە حكومەتی هەرێم بتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە درووستكردنی هەماهەنگی لە نێوان دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك؟

لاهور شێخ جەنگی: من پێم وایە ئەمە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە لە ڕێی پەیوەندییەكانی خۆیەوە لەگەڵ بەغدا هەوڵ بۆ ئەوە بدات، بەڵام لە ڕابردوو بینیمان كە ئەگەر حكومەتی هەرێمیش پێی هەڵنەستابێت، دامودەزگا ئەمنییەكان خۆیان هەوڵیان داوە ڕێگەیەك، دەرچەیەك بۆ پاراستنی كەركوك و دابینكردنی ئارامی و ئاسایشی كەركوك بدۆزنەوە و بتوانن لەگەڵ دامودەزگاكانی ناو كەركوك هەماهەنگی بكەن. بە دڵنیاییشەوە من دەتوانم لە دەزگاكەی خۆمانەوە باسی بكەم، ئێمە تەنسیقێكی یەكجار زۆرمان هەبوو لەناو شاری كەركوك و لە دەرەوەی شاری كەركوك، لەگەڵ پۆلیسی محەلی و دامودەزگاكانی تر كە لەناو شاری كەركوك هەبوون و توانیبوومان لەو دە پانزە ساڵەی ڕابردوو، ئارامییەكی باش بۆ كەركوك دابین بكەین.

ئاژانس: دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك، پێویستی بەوە هەیە، ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو ڕووی داوە قەرەبووی بكاتەوە. ئایا وەكو یه‌کێتیی هیچ پلانێكتان هەیە بۆ چاودێریكردن و لێپرسینەوە لە پارێزگار و لێپرسراوە ئیدارییەكانی تری شارەكە؟

لاهور شێخ جەنگی: من پێم وایە یه‌کێتیی نیشتمانیی كوردستان، مادام ئەم شەڕە گەورەیەی لەسەر كەركوك و پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك كرد، نابێت ئەمجارە بە هیچ شێوەیەك كەمتەرخەم بێت. بە تایبەتی لەو خولەی ڕابردوو كە پارێزگاری كەركوك سەر بە یه‌کێتیی نیشتمانیی بوو، لە دواییدا دەركەوت كە لە ماوەی دەسەڵاتەكەیدا چەندەها كارەساتی بەسەر كەركوك و یه‌کێتییدا هێناوە. ئەمجارەیان یه‌کێتیی زۆر لەسەری دەكەوێت ئەگەر بە وردی چاودێریی كار و چالاكییەكانی پارێزگاری كەركوك نەكات. من لەگەڵ ئەوەم یه‌کێتیی بتوانێت چەندین ڕاوێژكار لە بوارە جیاوازەكان بۆ ئەو پارێزگارە دابین بكات بۆ ئەوەی تووشی هەڵە نەبێت. پێم وایە دەبێت چاودێری بكرێن بۆ ئەوەی تووشی هەڵە نەبن. پارێزگاری ئەمجارە پێویستە كارێك بكات كە جگە لە دڵی كوردان، بتوانێت دڵی توركمان و عەرەبیش بە لای خۆماندا ڕابكێشێت. بۆ ئەوەی لە دانانی پارێزگارێكی كورددا، نە توركمان و نە عەرەب، بیر لەوە نەكەنەوە لە دژمان بووەستن.

ئاژانس: سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئەوەی دەبینرێت ئەمجارە یه‌کێتیی پێش لایەنەكانی تر توانیویەتی كاندیدەكانی پێشنیار بكات و هاوكات كۆدەنگییەكیش دەبینرێت لەناو سەركردایەتیی یه‌کێتییدا لەو بارەیەوە. ئایا جەنابت خوێندنەوەت چییە بۆ ئەم بارودۆخە نوێیەی یه‌کێتیی؟

لاهور شێخ جەنگی: پێم وایە ئەمجارە هەموو نەیارەكانمان تووشی شۆك كرد. بە دڵنیاییەوە ئەوەی ڕووی دا، ڕەنگدانەوەی ئەو پێكەوەكاركردنەیە كە ئێمە لە یەك دوو ساڵی ڕابردوو بینیومانە كە ئێمە لە یه‌کێتیی نیشتمانیی كوردستان، جۆرێك لە پێكەوەكاركردن و لەیەكتێگەیشتنی زیاتر هەبووە لە نێوان ئەوانەی كە جاران پێیان دەگوترا تەكەتولەكان. من با لێرەوە شتێك بڵێم. بە ڕاستی هیچ باوەڕم بە باڵباڵێن نییە و لە ڕابردووشدا ئەم قسەیەم دووپات كردووه‌تەوە. من نە باڵم هەبووە و نە قەتیش باڵم دەبێت ئیشەڵڵا.

ئاژانس: كاندیدت هەبووە بۆ وەزارەتەكانی ئەم كابینەیە؟

لاهور شێخ جەنگی: من هەموو یه‌کێتیی بە هی خۆم دەزانم و خۆشم بە هی هەموو یه‌کێتیی دەزانم. وەكو باسم كرد بەو پێكەوەكاركردنەی ماوەی ڕابردوومان، توانیومانە بەسەر كۆسپی زۆر گەورەدا سەركەوتنی زۆر گەورە بە دەست بهێنین. لە دوو هەڵبژاردنی چارەنووسسازدا، لە عێراق و هەرێم، یه‌کێتیی بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە بینی. هەم لە دانان و كاتی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار لە بەغدا بینیمان كە ئەو پێكەوەكاركردن و كۆدەنگییەی هەمانبوو لەناو یه‌کێتیی، توانیمان سەركەوتنی گەورە بە دەست بهێنین و پۆستی سەرۆككۆمار بە ململانێیەكی قوورس لە بەغدا لە بەرژەوەندیی یه‌کێتیی یەكلا بكەینەوە، لە كاتێكدا هەم ئێران و هەم ئەمه‌ریكا هاتنە سەر خەت بۆ ئەوەی یه‌کێتیی پاشەكشە بكا. لەم ماوەیەی دواییشدا، ئەوەی كە هەندێ كەس گرەوی لەسەر كردبوو كە یه‌کێتیی ناتوانێت خۆی یەكلا بكاتەوە لەسەر مەسەلەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان، بینیمان بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر و لە ماوەی سێ چوار كاتژمێر، لە پڕۆسەیەكی زۆر دیموكراتیدا، توانیمان ناوی كاندیدەكانمان یەكلا بكەینەوە. ئەمە ڕەنگدانەوەی ئەم پێكەوەكاركردنەی یەك دوو ساڵی ڕابردووی برادەرانی ناو یه‌کێتییە. دڵنیاتان دەكەمەوە باڵباڵێن لەناو یه‌کێتیی زۆر كاڵ بووه‌تەوە. ئێستا من زۆربەی ئەو برادەرانە بە كاندیدی خۆم دەزانم. دەمەوێت ئەوەش دووپات بكەمەوە هەموو ئەو كاندیدانەی خۆیان هەڵبژاردووە داوای پشتیوانییان لە من كردووە. من پشتیوانیان بووم بە ڕاستی. دەتوانن یەك بە یەك پرسیاریان لێ بكەن، كاك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش، كە بەڕێز كاك شێخ جەعفەرە، من پشتیوانی تەواوی بووم. ئەسڵەن من خۆم پێشنیاری ئەوەم بۆ كرد كە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەربگرێت. بە ڕێواز خانەوە. كە لەو كاتەدا ناكۆكییەك هەبوو لەگەڵ بێگەرد خان لەسەر مەسەلەی یەكلاكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان، ئێمە بە باشمان زانی بەم شێوازە بێت كە ڕێواز خان بۆ سەرۆكی پەرلەمان و بێگەرد خان بە دڵخۆشییەوە و من سوپاسی دەكەم لەبەر خاتری یه‌کێتیی، وەزارەتی كشتوكاڵی پەسەند كرد. واتە هەموو ئەوانە ڕەزامەندیی منی لەسەر بووە و من هەموویان بە كاندیدی خۆم دەزانم.

ئاژانس: ئایا یه‌کێتیی تا چەند پشتیوانی لەم كابینەیە دەكات و ئایا هیچ مەرجێكتان هەبووە بۆ بەشداریكردن لە كابینەكە؟

لاهور شێخ جەنگی: بە دڵنیاییەوە ئەمجارە بڕیاری یه‌کێتیی نیشتمانیی كوردستانە، كە ئێمە بە جددی پاڵپشتی ئەم حكومەتە بین. هەروەك باسمان كردووە لە كۆبوونەوەكان لەگەڵ برایانی پارتی، یان نایەینە ناو حكومەتەكە یان ئەمجارە كە هاتین ئێمە سه‌داسه‌د پشتیوانێكی سەرسەختی ئەم حكومەتە و كار و بەرنامەكانی دەبین لە پێناوی خەڵكدا. بەڵام مەرجیشمان هەیە، هەم وەكو ئەوەی كە لە ڕێككەوتنە سیاسییەكە لەگەڵ پارتی كردوومانە، بە هیچ شێوەیەك ئێمە قبووڵی ناكەین ئەم چوار ساڵەی داهاتوو وەكو چوار ساڵی ڕابردوو بێت، زۆنی سەوز پشتگوێ بخرێت، و هەرچی سەروەت و سامان و داهاتی ئەم ناوچەیە هەیە ببرێت و لە شوێنی تر بە كار بهێنرێت. بە دڵنیاییەوە ئێمە مەرجمان هەیە و لیژنەیەكی باڵا پێك دەهێنین بۆ چاودێریكردنی دۆخەكە و ئەمجارە دەبێت ئیمكانیات بگەڕێنرێتەوە بۆ زۆنی سەوز. هەندێك دەسەڵاتی پێویست بگەڕێتەوە بۆ زۆنی سەوز بۆ ئەوەی كاروچالاكی و داواكاریی هاووڵاتییان هەمووی نەگەڕێتەوە هەولێر و مامه‌ڵه‌کانیان دوا بخرێت، بەڵكوو هاووڵاتییان ئاسانتر بتوانن ئیشوكارە ئیدارییەكانیان ڕایی بكرێت. ئەمە یەكێك بووە لە خاڵە ئەساسییەكان كە موناقەشەی گەرموگوڕمان لەگەڵ برایانی پارتی كردووە لەسەری و ئێمە چاودێریش دەبین و دەبێت هەوڵ بدەین لەم ساڵانەی ئاییندە ئەو غەدرانەی ڕابردوو لا ببرێن و ڕاست بكرێنەوە.  هەوڵ بدەین ژێرخانی ناوچەی سەوزیش ببووژێنینەوە بە سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕینیشەوە. دڵنیاشم وەكو یه‌کێتیی، ئێمە چاودێرێكی ورد دەبین بۆ چۆنییەتی بڕگەكانی ئەو ڕێككەوتنه‌ی لە نێوان ئێمە و پارتی هەیە.

ئاژانس: دوو ڕای جیاواز هەیە لەناو خەڵكدا سەبارەت بە كاندیدەكانی حكومەت، هەندێك دەڵێن كاندیدەكانی ئەم جارە، لە ڕووی تەمەنەوە، پێگەیشتووترن و لە ژیانی تایبەتیی خۆیاندا ئەزموونیان زیاترە و هەندێكی تریش دەڵێن كاندیدەكان ئەزموونی كاركردنیان بە گشتی لەگەڵ ئەو بوارانە ناگونجێت كە بۆیان دەستنیشان كراون؟ ئایا یه‌کێتیی هیچ پێوەر و چاودێرییەكی دەبێت لەسەر ئەم حكومەتە و وەزیرەكانی؟

لاهور شێخ جەنگی: سەبارەت بە كاندیدەكان، پێمان وایە هەندێك جار پێویستی بە گۆڕانكاریش هەیە. من پێم وایە هەموو ئەو خەڵكانەی كاندید كراون، ئێستا لە بوارە جیاكاندا هەركەسە و ئەزموونی هەیە. ئەزموونی ژیانی هەیە. من پێم وایە ئەزموونی ژیان لە بواری جیاوازدا زۆر گرنگە و ڕەنگدانەوەی دەبێت لە كارەكاندا لەو پۆستانەی وەریدەگرن. بە دڵنیاییشەوە ئێمە بڕیارمان داوە چاودێرێكی وردی هەموو كاروبارەكانی كابینەكە بین. چاودێرێكی وردی كاروبارەكانی هەموو ئەو وەزیر و بەرپرسانە بین كە دانراون. بە تەمای جێبەجێكردنی سزا و پاداشتیشین. ئەو سزا و پاداشتەی كە ده‌مێک بوو له‌ناو یه‌کێتییدا نەمابوو، بەڵام كار دەكەین بۆ زیندووكردنەوەی و جێبەجێكردنی. لە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسییش وتراوە كە ئێمە ماوەی ساڵێكمان داناوە بۆ چاودێریكردنی كاروباری ئەو خەڵكانەی كە نوێنەرایەتیی یه‌کێتیی دەكەن لەم حكومەتەدا. لە دوای ساڵێك ئێمە تەقیمیان دەكەین و پێداچوونەوە دەكەین. ئەگەر خەڵكانێك ئەدایان باش نەبووبێت و نەیانتوانیبێت كار و چالاكییەكانیان بە ڕێكوپێكی ڕابپەڕێنن بۆ خزمەتكردنی میللەتەكەمان، بە دڵنیاییەوە ئەگەری لابردنی ئەم خەڵكانە دەبێت.

ئاژانس: با بێینە سەر پرسی كۆنگرە، هیچ هیوا و پلان و پڕۆژەیەك هەیە بۆ بەستنی كۆنگرە، ئایا ئەم كۆنگرەیە دەتوانێت باڵانسێك درووست بكات لە نێوان نەوەی كۆن و خوێنی تازەی ناو یه‌کێتیی؟

لاهور شێخ جەنگی: كۆنگرە شتێكی حەتمییە. بۆ ئەوەی یه‌کێتیی بتوانێت لە ژیانی خۆی بەردەوام بێت دەبێت بە دڵنیاییەوە لەم پێنج شەش مانگەی ئاییندە، كۆنگرەی خۆی بكات. ئەگەرنا بە دڵنیاییەوە تووشی كارەساتی گەورە دەبێت. كۆنگرەش بۆ ته‌سفیەی حسابات نییە. كۆنگرە بۆ ئەوەیە بتوانین حزبەكەمان نوێ بكەینەوە، خوێنی تازە بهێنین. پەیڕەو و پڕۆگرام و هەیكەلی حزبەكەمان بگۆڕین. ئەگەر سەیری ئەو پێكەوەكاركردنەی ئێمە و مانان بکه‌یت لە یەك دوو ساڵی ڕابردوو، جیلی كۆن و جیلی تازە بە ڕاستی بە یەكەوە هەنگاوی باشیان ناوە و لێكتێگەیشتنێكی باش درووست بووە. من پێم وایە ئەوە دەتوانێت ڕەنگ بداتەوە لەناو كۆنگرەش. هەندێك لە جیلی كۆن بمێنێتەوە، ئەوانەی كە ناشمێننەوە، بە ئارەزووی خۆیان یا لە كۆنگرە دەرناچن، پێویستە ڕێز لە خەبات و ماندووبوونیان بگیرێت و پێگەیەكیان بۆ دیاری بكرێت كە ڕاوێژیان پێ بكرێت لەبەر ئەو ئەزموونەی هەیانە. بە دڵنیاییەوە ئێمە بەرەو كۆنگرە دەڕۆین و بە ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی سەركەوتووی یه‌کێتیی، هاوسەنگیی هێز بۆ ناو هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە.

ئاژانس: خوێندنەوەت چییە بۆ پەیوەندییەكانی ئێستای یه‌کێتیی لەگەڵ پارتی؟

لاهور شێخ جەنگی: بە داخەوە من دەڵێم، لەم چەند ساڵەی ڕابردوو پەیوەندییەكانی یه‌کێتیی و پارتی، هەوراز و نشێویی زۆری بە خۆیەوە بینی و كۆسپی زۆری هاتە بەردەم. من لێرەدا نامەوێت بچمە ناو وردەكاریی ئەوەی كێ بەرپرسیارێتیی زیاتری دەكەوێتە ئەستۆ یاخود تاوانبارترە لە حزبەكەی تر بۆ درووستكردنی ئەو كێشانەی كە هاتنە بەردەممان، بەڵام ئەگەر سەیری ڕابردوومان بكەین، ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان یه‌کێتیی و پارتی، خۆشگوزەرانیی زۆری بۆ میللەتەكەمان هێنایە پێشەوە، بەڵام لە دوایی بە داخەوە ئیتیفاقەكە هاوسەنگیی تێدا نەما و هەر ئەوە وای كرد ئێمە بگەینە ئەم ڕۆژەی كە هەین. من پێم وایە كاركردنی یه‌کێتیی و پارتی پێكەوە حەتمییە و بەبێ یەك ناتوانن، لە كاتێكدا بە تایبەتی دەبینین ململانێ نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان هەمووی لەسەر خاكەكەی ئێمە خەریكە یەكلایی دەبێتەوە. ئەگەر وریا نەبین ئێمە و پارتی، كە ئێمە پێش هەموو حزبەكانی تر بەرپرسیاری یەكەمین و بەرپرسیارێتیی گەورەمان دەكەوێتە ئەستۆ، ئەگەر وریا نەبین، پێم وایە ئەم ئەزموونەش دەخەینە ژێر مەترسییەوە ئەگەر بە عاقڵانە تەعامول لەگەڵ یەكتری نەكەین و خۆمان بەوە بزانین كە دەتوانین كۆنتڕۆڵی هەموو حزبەكانی تر بكەین. گەڕانەوەی هاوسەنگیی نێوانمان زەرورە بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم ئەزموونە و پاراستنی، بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵك و باشكردنی ژیانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئەو هاوسەنگییە دەبێت بگەڕێتەوە، ئەمە شتێكی حەتمییە و ئێستا یه‌کێتیی كار بۆ ئەوە دەكات ئەو هاوسەنگییە بگەڕێتەوە و برادەرانی پارتیش دەبێت بە دڵێكی فراوانەوە ئەوە وەربگرن.

ئاژانس: پەیوەندیی یه‌کێتیی و بزووتنەوەی گۆڕان لە چ دۆخێكدایە؟

لاهور شێخ جەنگی: بە داخەوە دەیڵێم، لە دوای كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو كاك نەوشیروان، هەنگاوی باشمان نا بۆ ئەوەی بتوانین كە ئیتیفاقەكەمان جێبەجێ بكەین، بەڵام بە داخەوە دەیڵێم كە هەم لەناو یه‌کێتیی، هەم لەناو بزووتنەوەی گۆڕان و هەم دەستێكی دەرەكییش هەبوو كە نەیهێشت ئەو ڕێككەوتنە لە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یه‌کێتیی نیشتمانیی جێبەجێ بكرێت. پێم وایە ئەگەر ئەوە بكرایە ئێستا نە نەتیجەی هەڵبژاردن بەم شێوازە دەبوو، بەوەی كە هەیە، نە هیچ لایەنێك دەیتوانی خۆی بسەپێنێت بەسەر لایەنەكانی تردا. لەو دۆخە پارتی قازانجی كرد و ئەم حزبانەی ئێرە هەموو زەرەریان كرد بە گۆڕان و بە یه‌کێتییشەوە. بە دڵنیاییەوە شتێكی باش نەبوو كە ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ نەبوو. بەڵام ئێستاش من چاوم لەوەیە هەوڵ بدەین دوای پێكهێنانی حكومەت بەرەو زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنە كۆنەكە بڕۆین یان ڕێككەوتنێكی نوێ بكەین. بۆیە لە دوای پێكهێنانی حكومەت دەبێت بە سەردانی ڕەسمیی یەكتری، بچینەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ ئەوەی سلێمانی و ئەم ناوچەیە زیاتر ئارامی و بەرەوپێشچوون بە خۆیەوە ببینێت.

ئاژانس: دوا تەوەر باسكردنە لە بارودۆخی ئەمنی. هەم ئەو هەڕەشە ئەمنییانەی كە داعش و گرووپە تیرۆریستییەكان دەتوانن لەسەر هەرێم و ناوچە كوردستانییەكان درووستی بكەن، و هەم ئەگەری پێكدادانی ئێران و ئەمه‌ریكا؟

لاهور شێخ جەنگی: مەترسییەكان لەسەر هەرێم كۆتاییان پێ نەهاتووە. تەنها لەبەر ئەوەی تەقینەوە نابێت لەم شار و شارۆچكانەی كوردستان، مانای ئەوە نییە كە هەوڵ نییە بۆ ئەوەی بارودۆخی ئەمنیی ئەم ناوچانە تێك بدەن. من لێرەوە دەمەوێت دەستخۆشی لە هەموو هێزە ئەمنییەكانمان بكەین. بە هێزەكانی ناوخۆ، بە هێزی ئاسایش و دژەتیرۆر و دامودەزگا ئەمنییەكانی ترمان. كە ئێمە بە ڕاستی چەندین ساڵە شەونخوونی دەكەین، بەڵام ناچین وەكو موزایەدە بە خەڵكی بفرۆشینەوە. چونكە ئەمە واجبی سەرشانی دامودەزگا ئەمنییەكانە. بە سەربەرزانە دەتوانم بڵێم ئێمە توانیومانە، بە ئیمكانییەتێكی كەمەوە، كە حكومەتی هەرێم دووچاری قەیرانی دارایی بوو، بە دڵنیاییەوە كاریگەریی كردە سەر دامودەزگا ئەمنییەكانیش. بەڵام كۆڵمان نەدا و شەونخوونیی زۆرمان كرد و لە خوا بە زیاد بێت، بە هەوڵ و هیممەتی كارمەندە دڵسۆزەكانی دامودەزگا ئەمنییەكان ئێمە توانیومانە تاكو ئێستاش ئارامی و ئاسایشێكی باش بەرقەرار بكەین بۆ هەرێمەكەمان، بەڵام بە دڵنیاییەوە خەڵك دەبێت ئەوەی لەبەر چاو بێت كە ئەوە مانای ئەوە نییە مەترسی نییە لەسەر هەرێمەكەمان، مانای ئەوە نییە كە ئێمە دوژمنمان نەماوە. بە پێچەوانەوه‌ من پێم وایە، دوژمنەكانمان بۆ تێكدانی ئەم ئەزموونە زۆرتر بوون لە چواردەورمان. بەڵام دڵنیاشیان دەكەمەوە كە پشتیوانیی خەڵك لە دامودەزگا ئەمنییەكانمان زیاتر بووە، و دامودەزگا ئەمنییەكانمان لە جاران زیاتر وریاتر و بە ئەزموونتر و بە تواناترن بۆ ئەوەی بتوانن ڕووبەڕووی هەر ئەگەر و هەڕەشەیەك ببنەوە. بە دڵنیاییەوە، ململانێی نێوان ئێران و ئەمه‌ریكاش چەندین كێشەی تر دەهێنێتە كایەوە كە مەترسی درووست دەكات لەسەر هەرێمی كوردستان. بۆیە ئێمە دوعا بكەین كە بەركەوتن نەبێت لە بەینی ئەمه‌ریكا و ئێران، چونكە زەرەری دەبێت بۆ ناوچەكەمان، زەرەری گیانی و بازرگانی و ئابووری و ئەمنیی دەبێت بۆ ناوچەكەمان. ئەو كاتە جۆرەها گرووپی تری پاشكۆ، ڕەنگە ئەم لایەنانە بە كاریان بهێنن بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی خۆیان لەسەر گۆڕەپان و خاكی كوردستان.


PM:01:57:10/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 676 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌