نێچیرڤان بارزانی : هیچ كێشەیەك لەسەر ئەوە نییە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بدەینه بە‌غدا

نێچیرڤان بارزانی :  هیچ كێشەیەك لەسەر ئەوە نییە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بدەینه  بە‌غدا
مەوداپرێس-



نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێوەڕۆكی سەردانەكانی بۆ بەغدا و ئیستەنبووڵ ئاشكرادەكات و دەڵێت، كوردستان دەیەوێ پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەكە پتەوتر بكات و قۆناخێكی نوێ دەستپێدەكات. دەشڵێت، هەرێمی كوردستان ئامادەیە نەوتی حكومەتی عێراق لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ جەیهان هەناردەبكات، هەروەها كوردستان هیچ كێشەیەكی لەسەر ئەوە نییە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بداتە بە‌غدا، بەڵام ئەو پرسە پێویستی بە دانوستاندنە.

رۆژی پێنجشەممە 20-6-2019 نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای كرد، لەگەڵ سەرۆكوەزیران، سەرۆككۆمار و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە. رۆژی دواتر بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە ئیستەنبووڵ و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا كۆبووەوە. 

لە هەڤپەیڤینێكیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵوی توركی كە رۆژی هەینی 21-6-2019 سازكراوە، نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سەردانەكەی بۆ ئیستەنبووڵ دەڵێت "سەردانەكەی ئێمە بۆ ئیستەنبووڵ سەردانێكی گرنگ بوو، دوای ئەوەی ئەو ئەركە نوێیەم وەرگرت وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوە دەبێتە یەكەم سەردانمان بۆ دەرەوە. زۆر خۆشحاڵبووم ئەمڕۆ بە بینینی جەنابی سەرۆككۆمار (رەجەب) تەیب ئەردۆغان، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا زیاتر باس لە چۆنێتی فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، هەروەها هەموو عێراق بەگشتی لەگەڵ توركیا كرا. لەو بارەوە گفتوگۆی دوورودرێژمان كرد. ئەو شتانەی جێگەی گرنگی هەردوو لایەنمانە باسمان لێوەكردن". 

سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "لەو باوەڕەدام و بە تێڕوانینی من قۆناخێكی زۆر نوێ لە پەیوەندی هەرێمی كوردستان و توركیا و عێراق بەگشتی لەگەڵ توركیا دەستپێدەكات. لەو باوەڕەدام جەنابی سەرۆككۆماریش لە دواڕۆژدا سەردانی عێراق بكات و ئەو سەردانە گرنگ دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە".

لەبارەی پەیوەندییەكانی هەولێر و ئەنقەرە، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا پەیوەندی مێژوویین. توركیا لە هەموو قۆناخە سەختەكاندا بۆ میللەتەكەمان هاوكار بووە و بۆ دۆخی ئێمە هاوكار بووە. دیسان لەو كۆبوونەوەیەدا دووپاتمانكردەوە و سوپاسی خۆمان بۆ جەنابی سەرۆككۆمار و بۆ وڵاتی توركیا دووپاتكردەوە، كە لە دۆخی ناخۆش و زەحمەدا هەمیشە بۆ باردوۆخی هەرێمی كوردستان هاوكاربوون".

قۆناخی نوێی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا

نێچیرڤان بارزانی باسی قۆناخی نوێی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدای كردووە و رایگەیاندووە "هەرێمی كوردستان لە پەیوەندی و بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ بەغداش جیاوازییەكی زۆر هەیە لەگەڵ پێش ئێستا. سوپاس بۆ خودا پەیوندییەكانمان لەگەڵ بەغدا پەیوەندی باشن. لەو باوەڕەدام ئەو دەرفەتە هەیە". 

هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەخت لە هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ توركیا دەكاتەوە و دەڵێت "ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان توركیا و عێراقدا بەشێوەیەكی گشتی لە سنووری 13 ملیار دۆلاردایە. لەو كۆبوونەوەشماندا ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆككۆمار باسی ئەوەكرا و هیوای هەردوو لایەنمان ئەوەیە ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییە (كە ئێستا لە سنووری 13 ملیار دۆلارە) زیاتر ببێت و بگاتە ئاستێك جێگەی رەزامەندی هەردوو لایەن بێت. چ وەكو عێراق و چ وەكو توركیاش، ئەو هەنگاوە پێویستیانەی چۆن ئەو كارە ئەنجامبدەین؟ لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ جەنابی سەرۆككۆمار ئەو بابەتەمان بەدرێژیی باسكرد. بینیمان جەنابی سەرۆككۆمار گرنگی زۆر بەو بابەتە دەدات، حەزدەكات و پێیخۆشە ئەو بابەتە بەزووترین كات لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق بەرەوپێشەوەبچێت".

"دەمانەوێ جوڵەی بازرگانی زیاتر بێت"

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت "پێویستە ئەو بابەتە بەشێوەیەكی جددی لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئەنقەرە و بەغدا باسبكرێت. ئەو رێگەیەی ئێستا هەیە، ئێمە زۆر زیاتر لە هەردوولادا زۆر پردمان بونتاتناوە. تونێلێكی زۆر باشمان دروستكردووە كە لەلایەن كۆمپانیای لیماكی توركییەوە جێبەجێكراوە. ئەو شتانەمان بۆ چی كردووە؟ بۆ ئەوەی ئەو كارئاسانی و جوڵەی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق زیاتر ببێت. هەر هەنگاوێك پێویست بێت بۆئەوەی ئێمە جوڵەی بازرگانی لەنێوان هەردوو لایەندا زیاتر بكەین وەكو هەرێمی كوردستان ئێمە هیچ كێشەیەكمان لەو بارەوە نییە. پێویستە كۆبوونەوە و دانیشت هەبێت. وەكو پرەنسیپ و مەبدەئـ ، هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەر هەنگاوێك بنێت ئەگەر پێویست بێت بۆ زیادكردنی جوڵەی بازرگانی لەنێوان هەردوو لایەندا".

كوردستان ئامادەیە نەوتی حكومەتی عێراق هەناردەبكات

لەبارەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان، كە نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان دەكات، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "ئەو بابەتە بۆ هەردوو لایەن بابەتێكی گرنگە. ئێستا ئێمە بۆری نەوتمان هەیە بۆ بەندەری جیهان، ئێمە ئامادەین و ئەو شتەمان لەگەڵ بەغداش باسكردووە. ئێمە ئامادەین هاوكاربین ئەگەر بەغدا بیەوێت زیاتر لەو بەشە هەناردەبكات یان ئەگەر خودا نەكات هەر كێشەیەك لە باشووریش رووبدات، لە هەرێمی كوردستاندا ئێمە ئامادەین بە هەموو شێوەیەك هاوكاری بەغدا بكەین بۆ هەناردەكردنی ئەو نەوتەی ئەوان هەیانە، لە كەركووك یان لە هەر جێگەیەكی عێراق كە بیانەوێت لەڕێگەی بۆڕی نەوتی كوردستانەوە هەناردەی بكەن. ئێمە لە ئایندە و دواڕۆژیشدا نیازمانوایە ئەو بۆریەی ئێستا زیاتریش بكەین بۆ ئەوەی بتوانین ئێمە نەوتی زیاتر لەو بۆریە بۆ دەرەوە بنێرین".

رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "وەكو مەبدەئـ ئێمە هیچ كێشەمان لەسەر ئەوە نییە 250 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بدەینە بەغدا، پێش ئەوەی ئەو شتە رووبدات پێویستە دانیشتن هەبێت. دوێنێ من لە بەغدا بووم. بەدرێژیی ئەو بابەتەم لەگەڵ جەبانی سەرۆكوەزیران باسكرد. ئەو بابەتە پێویستە باسی لێوەبكرێت. مەسەلەكە هەر ئەوە نییە ئێمە 250 هەزار بەرمیل رادەستبكەین. ئەوە پرسێكی یاسایی هەیە، كە لە ئەنجامی بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2014دا گەلێك قەرز لەسەر هەرێمی كوردستان كەڵەكە بووە. پێویستە ئێمە ئەوانە هەمووی باسبكەین. كاتێك باسمانكرد، بگەینە چارەسەرێك كە هەم بۆ هەرێمی كوردستان و هەمیش بۆ بەغدا جێگەی رەزامەندی بێت. لە ئەنجامی هەردوولایەندا پێویستە ئەوە گرنگ بێت چۆن ئەو بابەتە چارەسەر بكەین. حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەرێمی كوردستان ئامادەیە لەو بارەوە هاوكارییەكی تەواوی بەغدا بكات و بگاتە ئەنجامێكی هاوبەش لەگەڵ بەغدا، كە جێگەی رەزامەندی هەردوو لایەن بێت".

شەڕی پەكەكە و سوپای توركیا

سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی پێكدادانەكانی نێوان پەكەكە و سوپای توركیای كردووە و دەڵێت "كاتێك باس لە كێشەكان دەكەین دروستە باس لە هۆكاری كێشەكان بكەین. یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی یان ئەو شتەی ئەنجامدەدرێت لە ناوچەی كوردستانی عێراقدا بوونی پەكەكەیە. وەكو پرەنسیپ ئێمە لەدژی ئەوەین خاكی هەرێمی كوردستان دژی هیچ وڵاتێكی دراوسێمان بەكاربهێنرێت، نەخاسمە توركیا. وەك بۆ جەنابتان باسمكرد توركیا لە بارودۆخی زۆر ناخۆشدا هاوكاری ئێمەی كردووە، هاوكاری هەرێمی كوردستانی كردووە. ئەگەر بڕوانینە ئەو دەستكەوتانەش، بەداخەوە رەنگە بەشێوەیەكی دیكە باسدەكرێت، ئەمما دەستكەوتی زۆر باشیش لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییانە دروستبوون، كە لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستاندایە. ئەو بابەتەی بوونی پەكەكە یان هەر گرووپێكی چەكدار، كە بیەوێت كێشە بۆ دراوسێكانمان دروستبكات لەلایە ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بابەتە بە بڕیاری قەتعی قەبوڵناكرێت. ئەو سیاسەتە پێشتریش هەمانبووە و ئەو سیاسەتەشمان لەو بارەوە بەردەوام دەبێت". 

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت "ئێستا بابەتی مانەوەی ئەو چەكدارانە بەتایبەتی لە ناوچەی سنووری نزیكەی 500 گوندی هەرێمی كوردستان بونیاتنەنراونەتەوە و خەڵك ناتوانێت بچێتەوە سەر گوندەكانی خۆی. ئەوە كێشەیەكی گەورەی دروستكردووە، هیوای ئێمە ئەوەیە ئەو لایەنە چەكداریانە هەر لایەنێك بێت لەو بابەتە تێبگات و والێنەكات كوردستان و عێراق ببێتە جێگەیەكی نائامن. چونكە سیاسەتی ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان سیاسەتێكە كە دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەموو دراوسێكانمان بەخۆشی بێت و بەباشی بێت".

"هیواخوازین شەڕ روونەدات"

لەبارەی ناكۆكییەكانی ئەمریكا و ئێران، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "ئێمە هیواخوازین شەڕ روونەدات. لەو بارەوە لەگەڵ بەغدا هاماهەنگیەكی تەواومان هەیە و سیاسەتی ئێمە ئەوەیە عێراق نەبێتە گۆڕەپانێكی دروستكردنی كێشە لەنێوان هیچ لایەكدا. هیوامان ئەوەیە عێراق بەشێوەیەكی گشتی و كوردستانیش وەكو بەشێك لە عێراق ئێمە بپارێزین لە هەر شەڕ و هەر كێشەیەكدا".



PM:09:45:22/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 680 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌