کۆچەر بیرکاری: دەتوانم لەگەڵ زانکۆکان کار بکەم و پرۆژەشم بە دەستەوەیە

کۆچەر بیرکاری: دەتوانم لەگەڵ زانکۆکان کار بکەم و پرۆژەشم بە دەستەوەیە
مەوداپرێس- 

کۆچەر بیرکاری خاوەنی خەڵاتی فێڵدز لە زانستی بیرکاری لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەی خەبات وەڵامی پرسیارەکانی رۆشنا عەلی دەداتەوە.

كۆچەر بیركار ئەو گەنجە كوردەی لە 1/8/2018 یەكەم كورد بوو كە خەڵاتی فێڵدزی لە بواری بیركاریدا وەرگرت، ئەم خەڵاتە هاوتایە لەگەڵ خەڵاتی نۆبڵی بیركاری و بەم خەڵاتەی هیوای خواست چل ملیۆن كورد دڵخۆش بكات، بیركار ناوی فەرەیدوون درەخشانییە لە ساڵی 1978 لە گوندی نێ‌ لە شاری مەریوان لە دایك بووەو وەك خۆی وتی " ژیان و خوێندنیشم هەر لەوێ‌ بووە تا قۆناغی دوا ناوەندی ، لە قۆناغی دوا ناوەندی چومەتە شاری مەریوان دوای ئەویش چومەتە زانكۆی تاران و لەساڵی 2000چوومە وڵاتی بەریتانیا دوای ماوەی یەك ساڵاَ مافی پەنابەرێتیم پێدرا ، بیركار لە ئێستادا پڕۆفیسۆرە لە زانكۆی كامبرێجی بەریتانیا ، لاپەڕەی پەروەردە دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ بیركار رێكخست .

_پاڵپشتی سەركەوتن 
سەرەتا پرسیمان ئایا كێ‌ هاندەری سەرەكی سەركەوتنەكەی ئێوە بووە چ وەك كەس چ وەك سیستەم و كتێبێك یان هەر هاندەرێكی تر ؟ 

باشترین هاندەر بۆمن برا گەورەكەم بووە كە لەگەڵم خوێندویەتی وانەی بیركاری پێشكەوتوو زیاتری پێ دەوتم و لەوەوە فێر دەبووم بابەتی وەك تەواوكاری و داتاشین كە بەشێك نەبوو لە خوێندنی خۆم لە قۆناغی دوا ناوەندی كە ئەو زۆرترین كاریگەری لەسەر خوێندن و كاركردنم هەبووە ، بۆ خوێندنیش من لە ئێران خوێندومە لە ڕۆژهەڵات ئەو كتێبانەی من دەمخوێند لێرە هێشتا نییە ، چونكە لە مەریوان كتێبخانەیەك هەبوو كە كتێبی زۆر باشی تێدا بوو لە بواری بیركاری .

_تێڕوانینی ئێوە بۆ زانستی بیركاری چییە چۆن بگەینە ئاستێكی بەرز لە زانستی بیركاری ؟ 

لای من بیركاری دوو قۆتاغە قۆناغی یەكەم خوێندنەوەی ئەو شتانەیە كە كەسانی تر كردویانە وەك خوێندنەوەی كتێب و ڕاپۆرت خوێندنەوەی بیركاری جوان وەك ئەوەی سەردانی شارێكی گەشتیاری و مێژوویی جوان بكەیت لەم گەشتەش باڵەخانەو شوێنی گەشتیاری جوان دەبینیت ، ئەمە قۆناغی یەكەمە تۆ تەنها ئەو شتانە دەبینیت كە خەڵكانێكی تر دروستییان كردووە ، بەڵام قۆناغی دووەمیش وەك ئەوەیە من لە پڕ باڵ بگرم و زۆر زیاتر لە پێشتر شت ببینم كە لەپڕ باڵ دەگری و زۆتر لە پێشتر دەبینی بۆنموومە دەتوانم باڵەخانەو پەیكەری زیاتر ببینم و پەیوەندی نێوانییان تەماشا بكەم شتێیەك دەبینم كە نەمدەتوانی لەسەر زەویەوە بیبینم لە زۆر ڕوەوە شیكاركردنی هاوكێشەیەك ، زۆر جار دەكەوێتەوە سەر تێگەیشتنی پەیوەندییەكانی نێوان دوو چەمك دوو تێگەیشتنی جیاواز.

_ئایا خوێندنی بیركاری بە هرەیە یان هەوڵدانە شتێیەك هەیە بە ناوی مێشكی بیركاری ؟

بەهرەیە تارادەیەك و ئەوی تریش هەوڵدانە بیركاری نایەوێ‌ مێشكێكی زۆر تایبەت هەبێت بۆ ئەوەی خەریكی بیركاری بیت ، حەزەكە لە پێش مێشكەوەیە ئەگەر حەزەكە هەبێت پێویست بە مێشكێكی تایبەت نابێت .
خەڵاتەكەی ئێوە لە چ بوارێكی بیركاری بوو ئایا لەم سمینارەی ئەمڕۆ هەست كرد هیچ بیرۆكەیەك هەبێت نزیك لە و بیرۆكەیەی تۆ خ‌لات لەسەر وەرگرت ؟ 
خەڵاتەكەی من لە بواری هەندەسەی جەبرییە لێرە زانستێك نییە یان بیرۆكە نییە لای هیچ كەسێك لەسەر ئەو بوارەی من كارم لەسەر كردووە . 

_هۆكاری هاتنەوەی ئێوە بۆ كوردستان تەنها ئەو خەڵاتە بوو لەلایەن زانكۆی سەڵاحەدین یان بۆ پێدانی پۆستێك ؟ 
هۆكاری سەرەكی هاتنەوەم بینینی كوردستان و بینینی كەس و كارەكەم بوو سەردانی زانكۆو قسەكردنمان بوو لە گەڵ پسپۆڕانی بیركاری و سەردانی زانكۆو بەشەكانی زانستی و بیركاری بە تایبەتی . 

_تاچەند شارەزاییتان لە سیستەمی خوێندنی ماتماتیك هەیە لە هەرێمی كوردستان ؟ 
ئەم سەردانەم بۆ ئەوەیە كە ئەم پێنایسنە دروست بێت بتوانم شارەزایی و زانیاری بە دەستبهێنم لە سەر سیستەمی خوێندنی بیركاری لە قۆناغەكانی خوێندن تا ئێستا ئەو زانیارییە زۆرەم نییە لەسەر وردەكاری خوێندن لە بواری ماتماتیك لە كوردستان . 

_لە چ ڕویەكەوەو لەسەر هەمان زانست دەتوانی هاوكار بیت بۆ هەرێمی كوردستان ؟ 
دەتوانم لەگەڵ زانكۆكان كار بكەم و پرۆژەشمان بە دەستەوەیە كە بە چ شێوازێك كار بكەین ، خۆم لەگەڵ چەند هاوڕێییەكی ترم دەمانەوێت ڕێكخراوێك دابمەزرێنین تایبەت بە پەرە پێدانی خوێندن و زانست لە ناو كوردا چونكە بەڕاستی خوێندن لە كوردستان وەك خوێندنی باڵاو لێكۆڵینەوە زۆر زۆر لە دواوەیە هۆكارەكانی هەموومان دەزانین، بەڵام بە دوبارەكردنەوەی ئەو هۆكارانە پێش ناكەوین ناچارین كاری لەسەر بكەین ئەو ڕێكخراوە بەجۆریك كار بكات زانای داهێنەر دروست بكات ، ئێمە لەو بوارانەیا قسە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەكەین . 

_ لە زۆرێك لە خێزانەكان كێشەی بیركاری هەیە وەك وانە ئایا دەكرێت بڵێین ئەكە هۆكارەكە پەیوەندی بە پڕۆگرامەكەوە هەیە یان هۆكارەكە چییە بە بۆچونی ئێوە كە وانەی بیركاری یەكەم كێشەی وانەكانی خوێندنە ؟ 

ئەمە شتێیەكە پەیوەندی بە پەروەردەوە هەیە پەروەردەو زانكۆ دوو شتی جیاوازن من ئێستا ناتوانم بیركاری فێری منداڵێكی دە ساڵان بكەم دوو شتی جیاوازن، ئەو كەسانەی دەبێت لێكۆڵینەوە لەم لایەنە بكەن دەبێت كەسانێك بن لە پەروەردە بزانن و كاریان لەسەر وتنەوەی وانە ی بیركاری كردبێت لەو قۆناغانە. 
_خوێندنی زانست بە زمانی دووەم لەسەرەتاكانی بنەرەتی و بازنەكانی یەكەم و دووەم تاچەند گونجاوە ؟ 
ئەمە كێشەیەكی تاڕادەیەك ئاڵۆزە لەبەر چەند هۆیەك یەكێك لەوانە زمانی كوردی تاڕادەیەك ئەوەنە پێش نەكەوتووەتا بتوانرێت زمانی زانست بێت لە زانكۆ و لە زانكۆ بە كوردی بخوێنرێت ؟ زمانی فارسی تا ئاستی دكتۆراش ئەتوانی بە زمانی فارسی بخوێنی، بەڵام زمانی كوردی هێشتا نەگەشتۆتە ئەو ڕادەیە ، لەبەر ئەوە تۆ ناچاری كە چویتە زانكۆ بە ئینگلیزی بخوێنی ، بەر لە زانكۆ بكرێت بە ئینگلیزی كارێكی ئاسان نییە ، لەسەرەتایشدا منداڵێك كە دەست بە خوێندنی زانست دەكات بەزمانی دایك ئاسانترو زووتر فێر دەبێت ، گۆڕینی خوێندن بە زمانی دووەم و لە چ قۆناغێك پێویستی بە لێكۆڵینەوە یەكی زۆر باش هەیە ، لە گەڵ وەزارەتی پەروەردەش قسەمان كردووە دیارە ژمارەیەك لە قوتابخانەكان پڕۆگرامی خوێندنییان كردووە بە ئینگلیزی باشتر وایە دراسە بكرێت قۆناێكی دیاریكراو دابنرێت كە لە چ قۆناغێكدا دەست بە خوێندنی زانست بە زمانی دووەم بكرێت كە خۆی لە هەر قۆناغێكدا بگۆڕدرێت كێشە دروست ئەكات .

_ هەستتان چی بوو لەسەرئەم سەردانەتان بۆ كوردستان و ئەو دكتۆرایەی لەلایەن زانكۆی سەڵاحەدینەوە پێتان بەخشرا ؟ 
زۆر خۆشحاڵ بووم كە دووبارە سەردانی كوردستانم كردەوە، من بەر لە نۆ ساڵ سەردانی كوردستانم كردبوو ئەمە جاری دووەمە زۆر خۆشحاڵیش بووم بەم دكتۆرایە كە تەنها دووسێ‌ كەس تا ئێستا ئەم دكتۆرایەی پێبەخشراوە لە زانكۆی سەڵاحەدین من خۆشحاڵم كە یەكێك بووم لەوانە .


PM:04:51:08/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌